پارتی و یەکێتی دەگەنە شەڕەتەقە

پارتی دیمۆکراتی کوردستان پێشنیارەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی ڕەتکردووەتەوە.

زانیارییە نهێنییەکانی ناو کۆبوونەوەی یەک شەممەی ڕابردووی شاندەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی ئەوەی دەرخستووە کە بەرپرسانی پارتی وەڵامی پێشنیارەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان بە نەرێنی داوەتەوە کە داوایکردبوو بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک کورد بە یەک هاوپەیمانی بچێتە ئەو پرۆسەوە.

بەرپرسانی پارتی لەو کۆبوونەوەدا گلە و ڕەخنەی زۆریان لە یەکێتی هەبووە کە بەردەوام لە بەغدا هەڵوێستی دژ بەم حیزبەیان هەبووە. پارتی هێشتا لە پەسەندکردنی بڕگەی پارێزگای ناڕازی لە یاسای بودجەی عێراق توڕەیە و پێی وایە کە یەکێتی ئەوەی بە هاوکاری لایەنە سیاسییەکانی شێعە بۆ لەتبوونی هەرێم کردووە.

پارتی هەروەها بە شاندەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی ڕاگەیاندووە کە سەرەڕای بەشدارییان لە کابینەی نۆیەم، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو زیاترین هەوڵیان بۆ ناشیرینکردنی کابینەکەی مەسرور بارزانی هەبووە.

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی هەر دوو شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی و ڕووداوەکانی پاش ئەوە بە تایبەت لێدوانەکانی بافڵ تاڵەبانی ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەم دوو حیزبە ناگەنە ڕێکەوتن و لە هەر دوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر و ڕەنگە شەڕەتەقە بڕوات.