پارتی و یەکێتی دیسانەوە بوو بە شەڕیان

تەنیا یەک ڕۆژ لە پاش کۆبوونەوە بێ ئەنجامەکەی هەولێر لە نێوان هەر دوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی کە بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و فازڵ میرانی بەڕێوەچوو، هەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان دیسانەوە بوو بە شەڕیان و ڕاستییەکانی یەکترقبووڵنەکردنیان بۆ خەڵک ڕوونتر کردووەتەوە.

پارتی بڕیاریداوە کۆبوونەوەیەک لە سەر ڕەوشی شاری کەرکوک یان بە واتایەکی باشتر، پلانەکانی خۆی بۆ داهاتووی ئەو شارە، لە هەولێر بەڕێوە ببات، یەکێتیش کۆبوونەوەکەی بایکۆت کردووە و ڕایگەیاندووە کە پارتی ناگەڕێتەوە کەرکوک و حیزبەکانی ئەم شارە بە شاگردی خۆی دەزانێت.

کۆبوونەوەکە بڕیارە لە گوندی ئیتالی لە شاری هەولێر بە بەشداری پارتی و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک بەڕێوە بچێت.

یەکێتی ڕایگەیاندووە کە پارتی ئاگاداری نەکردووەتەوە و بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا ناکرێت.

یەکێتی ڕایگەیاندووە کە پارتی هیچ کات بۆ کۆبوونەوە نایەوێت بێتە کەرکوک و حیزبەکانی ئەم شارە بە شاگردی خۆی دەزانێت و ئێمەش بە هیچ شێوازێک بەشداری لە وەها کۆبوونەوەیەکدا ناکەین.

یەکێتی ڕایگەیاندووە کە ئەم سیاسەتەی پارتی هەڵەیە و خزمەت بە کەرکوک و دانیشتووانەکەی ناکات.