پارتی و گۆڕان بە نهێنی کۆبوونەتەوە، باسی یەکێتی کراوە
شاندەکەی پارتی لە لایەن فازڵ میرانی و شاندەکەی گۆڕان لە لایەن مستەفای سەید قادر سەرپەرشتی کراوە و کۆبوونەوەکە بە دوور لە چاوی کامێرای میدیاکان لە شاری هەولێر بەڕێوەچووە.
پارتی لەو کۆبوونەوەدا داوای لە بزوتنەوەی گۆڕان کردووە بە ڕێکخستنەوەی نێوماڵی خۆی ژمارەی دەنگەکانی لە سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەر زیاد بکات و بە دوور بێت لە هەر هاوپەیمانییەکی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان و سیاسی لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
پارتی بە ڕاشکاوانە بە بزوتنەوەی گۆڕانی ڕاگەیاندووە کە یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو پێگەی لاواز دەبێت و بوونی چەندین حیزب و لیستی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو پێگەی ئەم حیزبە لاواز دەکات و ژمارەی دەنگەکانی ڕوو لە دابەزین دەکات.
ئامانجی کۆبوونەوەکە پاڵپشتی لە بزوتنەوەی گۆڕان بە ئاراستەی لاوازبوونی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە.
پارتی دەیەوێت لە پاش هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام لایەنێکی سەرەکی پێکهێنانی کابینە بێت. هەروەها لەو بڕوایەدایە کە یەکێتی بە هۆی دۆخی ناوخۆییەوە ئەو سەنگ و قورساییەی نابێت کە ببێتە کێشە لە بەردەم پێکهێنانی کابینەی دەیەم و بە پێدانی چەند پۆستێک ڕازی دەبێت.
پارتی داوای لە مستەفای سەید قادر کردووە کە ڕێگری لە دەنگە ناڕازییەکانی دژ بەم حیزبە لای سەرکردە و بەرپرسانی گۆڕان بکات.