پارتی و کەمال ناکەرکوکی

هەر لە ساڵی 2017 و لە پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کە ئەنجامێکی نەبوو، تێبینییەکی زۆر لە سەر کەمال ناکەرکوکی لە کەرکوک هەبووە، تەنانەت باس لەوە کراوە کە لە شەڕی داعش فیشەکێکی نەتەقاندووە و لە ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 لە شارەکە هەڵهاتووە.

کەمال ناکەرکوکی کە بە پێی وتەیەکی بەناوبانگ، نە کەمالە و نە کەرکوکییە، لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوو بەردەوام هۆکاری ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی لە کەرکوک بووە، ئێستا و پاش شکستی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە فەرمی بە هۆکاری پەرتەوازەیی و پێکنەهێنانی یەک لیستیی کورد لە شارەکە تۆمەتبار کراوە.

گرنگ ئەوەیە کە کەمال ناکەرکوکی لە لایەن پارتییەکانەوە بە تێکدەری نێوماڵی کورد تۆمەتبار کراوە و بە دەیان سکاڵاشی لە سەر گەیشتووەتە مەکتەبی سیاسی پارتی.

وا بڕیارە پاش پشووەکانی سەری ساڵ، لە ڕێگەی ئەو لێژنەوە کە مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایسپاردووە، کارنامەی لاوازی پارتی لە کەرکوک بە تایبەت سیاسەت و هەڵسووکەوتی کەمال ناکەرکوکی تاوتوێ بکرێت و ڕێوشوێنی تایبەتی لە دژ بگیرێتەبەر.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە هۆی سوربوونی کەمال ناکەرکوکی، پارتی لە گەڵ یەکێتی و لایەنە کوردییەکان نەگەیشتە ڕێکەوتن و بە لیستی جیا بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا کرد. ئەنجامەکەشی شکستی پارتی و نەگەیشتنی کورد بە زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگا بوو، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر لە دەنگی کورد فەوتا و ئێستا بۆ گەڕاندنەوەی پۆستی پارێزگار، کورد هیچ کارتێکی یاسایی و فشاری بە دەستەوە نییە.