پارتی و هەوڵی دووبارە تاڵانکردنەوەی نەوتی کوردستان

هەر دوو بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق و دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیاری نایاساییبوونی هەناردەی ڕاستەوخۆی نەوتی هەرێمی کوردستانیان لە ڕێگەی تورکیاوە دەرکرد و بەوەش لە مانگی ئازارەوە تا ئێستا بەرمیلە نەوتێکی هەرێم بە یاسایی ڕەوانەی بازاڕەکانی دەرەوە نەکراوە.

نەوتی کوردستان، ئامرازی خزمەت بە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە تایبەت پارتی و مایەی نەهامەتی و کارەساتی گەورەی ئابوری و دارایی بۆ خەڵک، ئەم سامانە سرووشتییە تا ئێستا سوودێکی بۆ خەڵک نەبووە. ئەگەرچی ساڵانێکە حکومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ نەوت هەناردەی دەرەوە دەکات بەڵام خەڵک بێ مووچەیە، وڵات بێ خزمەتگوزارییە، پرۆژەکان ڕاگیراون، گەنجان بێهیوان و پۆل پۆل دەچنە دەرەوەی عێراق، بازاڕ جوڵەی نییە و بە گشتی کوردستان لە سەردەمی هەناردەی نەوتەکەیدا نەک تەنیا بەرەوپێشچوونی نەبووە بەڵکوو پاشەکشەی زۆری پێوە بینراوە.

بە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە لایەن حکومەتی عێراقەوە و ئەو ڕێکەوتنەی کە مەسرور بارزانی لە گەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە واژۆی کرد و میدیاکانی پارتی و سەرۆکی حکومەت بە شانازی و دەسکەوتێکی گەورە ناویان دەبرد، خەڵک هیوایان بەوە هەبوو کە لە بری ئەو نەوتەی هەناردەی دەرەوە دەکرا و هیچ کەڵکی بۆ خەڵکی کوردستان نەبووە، هاتنی بودجە و مووچە لە بەغداوە نیمچە گیانێک بە جەستەی نەخۆشی کوردستان ببەخشێتەوە بەڵام وا دیارە پارتی و بارزانییەکان کە دەستیان لە داهاتی هەناردەی نەوت کورت بووە و کۆمپانیا و گرێبەستە نەوتییەکانی ئەوان پەکیان کەتووە، پیلانی دیکەیان بە دەستەوەیە.

بەغدا قسەی دڵی خەڵکی کوردستان دەکات و دەڵێت دەبێت نەوت ڕادەست بکرێت و داهاتەکەی وەک نەوتی بەسرە بخرێتە سەر خەزێنەی گشتی و کوردستانیش پشکی خۆی لەم بودجەیە وەربگرێت و لە وادەی خۆیدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش دابەش دەکرێت.

بارزانییەکان لە بەرامبەردا دەڵێن وا نابێت، ئێمە ئەو بڕە نەوتەی کە لە پرۆژە یاسای بودجەدا هاتووە بە تەواوی ڕادەستی ناکەین و پشکی هەرێمی کوردستانمان لە بودجەشدا دەوێت تا دوو جار مافی ئەم خەڵکە تاڵان بکەین.

خەڵکی کوردستان زۆربەیان بەوە ڕازین کە مووچەی مووچەخۆران ڕاستەوخۆ لە لایەن بەغداوە دابەش بکرێت و حکومەتی بارزانییەکان دەستێوەردانی تێدا نەبێت و بودجەش لە بەغداوە بێت تا کوردستان هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بڕوات بەڵام حکومەتە خۆڕاگرەکەی مەسرور بارزانی دیسانەوە لە هەوڵی پیلانگێڕییەکی نوێدایە لە گەڵ تورکیای داگیرکار کە نەوتەکەی کوردستان لە ڕێگەی ئەو وڵاتەوە هەناردە بکرێتەوە و داهاتەکەیش بخرێتە سەر حسێبی بارزانییەکان و خەڵکیش بە هەژاری و بەش مەینەتی بمێننەوە و مووچە چەند مان چەند مانگ دوا بکەوێت.

ئەم خەیاڵەی حکومەتە خۆراگرەکە بەتاڵە و نەوتی کوردستان ناچێتەوە ژێر دەستی بارزانییەکان و لە سەر خواست و داواکاری خەڵکی کوردستان حکومەتی بەغدا مافەکانی ئەوان وەک خۆی دابەش دەکات.