پارتی و توشبوون بە هەڵەی سیاسەت

پارتی دیمۆکراتی کوردستان 77 ساڵەیی دامەزراندنی خۆی بەرز ڕادەگرێت، ئەندامان و لایەنگران و بەرپرسانی باڵای ئەم حیزبە باس لە دەسکەوتەکان دەکەن و دەڵێن کە ئەوەی لە کوردستاندا بێت و نەبێت، لە سەر دەستی پارتی کراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سەر ئەرزی واقیع پارتی بە سیاسەتێکی هەڵە و بەردەوامیدان بەو سیاسەتە، هۆکاری سەرەکی کێشە و قەیرانە کەڵەکەبووەکانی هەرێمی کوردستانە.

ساڵی 2017 پارتی بەغدای تەڵاق دەدا، ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی لە عێراق کرد بەڵام پاش شکستی ئەو پرۆسەیە و بەدینەهاتنی ئامانجەکانی، ڕایگەیاند کە لە بنەڕەتدا ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە لە عێراق نەبووە و زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستانیشی پێوە لە دەستدا.

هەڵەی گەورەتر لە ڕیفراندۆمەکەی پارتی و بارزانی، ئەوە بوو کە لە گەڵ سەدر و حەلبوسی دژی لایەنە شێعەکان بووە هاوپەیمان. دوا جاریش کە سەدر لە پرۆسەی سیاسی عێراق وەدەرنرا، بارزانی بە ناچار ڕووی هێنایەوە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئێستا بەغدا بە کەیفی خۆی مامەڵە لە گەڵ هەرێم و دۆسیە جیاجیاکانی دەکات.

توشبوون بە نەخۆشی هەڵەی سیاسی بۆ پارتی چارەسەر نەکرا و لە ئاستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پشتی لە یەکێتی کرد، بە تایبەت لە دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و داواکەی یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان.

لە وەزارەتی پێشمەرگەش پارتی بە ئاشکرا دژایەتی یەکێتی دەکات و گرژییەکان هەنگاوێکی دیکە لە شەڕ و پێکدادانی سەربازی نزیک بووەتەوە.

پارتی لە کەرکوک پشتی لە کورد کردووە و لە دژی یەکێتی دەستی لە گەڵ عەرەب و لایەنەکانی دیکەدا تێکەڵ کردووە.

حکومەتەکەی هەرێم کە پارتی و مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات مامەڵەیەکی دوژمنکارانەی لە گەڵ سلێمانیدا هەیە.

کەسانی وەک کەمال ناکەرکوکیش بە لێدوانەکانیان بەربوونەتە گیانی کوردستان و بە تایبەت یەکێتی و ڕێگرییان لەوە کردووە پارتی و یەکێتی بگەنە ڕێکەوتن.

پارتی بەردەوام باس لەوە دەکات کە قەوارەی هەرێم لە بەغداوە ڕوبەڕوی هەڕەشە و مەترسی بووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سیاسەتەکانی خۆیە کە هەرێمی تووشی ئەم دۆخە کردووە.

ئاراستەی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی و بەردەوامیدان بە سیاسەتی هەڵە لە لایەن پارتییەوە وا دەکات کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان نەکرێت و هەرێم بەرەو دوو ئیدارەیی یان لانیکەم مامەڵەی ڕاستەوخۆی پارێزگاکان لە گەڵ حکومەتی بەغدا هەنگاو بنێت.

سیاسەتی هەڵەی پارتی وایکردووە کە دۆسیەی نەوت لە ژێر دەستی هەرێمدا دەربهێندرێت و لە قۆناغی داهاتوودا حکومەتی عێراق پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ڕابگرێت و تەنانەت ئەگەری داخستنی کۆنسوڵخانەکانی وڵاتانی بیانیش لە هەولێر لە ئارادایە، دەروازە سنوری و فڕۆکەخانەکانیش دەکەونە ژێر دەستی ناوەند و فشارەکانی دادگای فیدراڵیش بەردەوام دەبێت.

ئەمە باجی سیاسەت و هەڵە ستراتیژییەکانی پارتییە کە هەرێمی کوردستان دەیدات.