پارتی و ترسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان

هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ترسێکی وەهای خستووەتە دڵی بارزانییەکان و پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە کە بە هەموو شێوەیەک ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە کردووە.

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە حیزبەکەی لە خەراپترین بارودۆخی مێژووی خۆیدایە و شکستی مەسرور بارزانیش لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بەرامبەر بەو حیزبە زیاتر کردووە، بە بیانووی نەمانی کورسی کۆتاکان، هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی بایکۆت کردووە.

ئەوەی ڕاستی بێت، پارتی ئاگاداری دۆخی ناوخۆیی خۆیە و دەزانێت هەر دوو باڵی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە ململانێیەکی تونددان و ئەمەش کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەری و ناوەندی بڕیاری پارتی تووشی کێشەی جیدی بووەتەوە.

پارتی دەزانێت هەڵبژاردنەکان بکرێت، تەنانەت ئەگەر 11 کورسی کەمینەکانیش هەبێت ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی مسۆگەر بکاتەوە. ئەوەش دەزانێت کە ناتوانێت وەک ڕابردوو خۆی بە دەسەڵاتداری یەکەمی کوردستان بزانێت، هەر بۆیە تا پێداچوونەوە بە سەر ئەم بارودۆخە ناوخۆییەدا دەیەوێت ڕێگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بکات.

هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و بە پێی میکانیزمەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەم وڵاتەوە بەڕێوە دەچێت و دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە کە هەرێمی کوردستان بکرێتە چوار بازنەوە و تۆماری دەنگدەرانیش پاک کراونەتەوە و ئەمەش پارتی دیمۆکراتی کوردستانی نیگەران کردووە کە ناتوانێت وەک خولەکانی پێشوو پەنا بۆ تەزویر بباتەوە.

پارتی دەزانێت بەم هەڵبژاردنانەوە ناتوانێت بڕیار بە دەست و دەسەڵاتداری یەکەمی کوردستان بێت و سەروەت و سامانی هەرێم لە ژێر دەستی بنەماڵەی بارزانی دێتە دەرەوە.