پارتی هەڵمەتی سووتاندنی دەستپێکردەوە
دووهەم بەرپرسی دەزگا ئەمنییەکانی پارتی لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا گیانی لە دەستدا. محەمەد میرزا سندی بەرپرسی پێشووی پاراستنی پارتی لە زاخۆ لە سەنتەری شارەکە بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی گیانی لە دەستدا، نەک تەنیا گیان لە دەستدان، بەڵکوو سووتان و نەمانی هیچ ئاسەوارێک لە جەستەی.
ئەمە دووهەم حاڵەتی سووتاندنی بەرپرسانی پارتییە کە بە یەک شێوە لە ئۆتۆمبێلەکانیان دەسووتێندرێن.
لە سەنتەری شاری زاخۆ ئاگر لە ئۆتۆمبێلی بەرپرسی پێشووی پاراستن بەردرا، ناوبراو لە ڕێگەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە کوژرا و گومانەکان لە سەر ڕووداوەکەش زیاتر بووە.
ئەو کەسەی کە کرایە ئامانج، ناوی محەمەد میرزا یونس و تەمەن 56 ساڵە بووە. میدیاکانی پارتی و بە تایبەت سەر بە مەسرور بارزانی هەر لە یەکەم ساتی ڕووداوەکەوە پەکەکەیان بەو ڕووداوە تۆمەتبار کرد بەڵام ڕاستییەکان شتی دیکەیە.
ئەوەی دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە، ئەوەیە کە دووهەم بەرپرسی پارتییە بە یەک شێوە و لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی گیان لە دەست دەدات. هاوکات لە گەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵیادی تیرۆرکردنی فەرەیدون جوانڕۆیی ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەم ڕووداوەش دووبارە بووەتەوە.
ئەو کات عەبدولخالەق تەلعەت بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند لە فەرەیدون جوانڕۆیی بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لە دەست داوە و کاری تیرۆریستی نەبووە.
لێدوانە جیاجیاکانی بەرپرسانی پارتی ئاشکرایکرد کە ئەو سەرکردە ئەمنی و سەربازییە لە پلانێکی ناوخۆیی ئەو حیزبەدا تیرۆر کراوە. ئەویش سووتێندرا و بەرپرسەکەی پاراستنیش لە زاخۆ بە هەمان شێوە سووتا.