پارتی لە لاوازبوونێکی بەهێزدایە

ڕێوشوێنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامەو تا ئەم ساتەوەختە هیچ ئەگەرێک بۆ دواخستنی بە مسۆگەری نییە، هەروەکو مسۆگەریش نییە کە هەڵبژاردن لە تەموزی ئەمساڵ بکرێت.

پاساوەکانی پارتی بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن، تەنها گرەوکردنە لەسەر کات بەفیڕۆدان، بەو هیوایەی دەریچەیەکی مسۆگەر بدۆزێتەوە بەو سیستەم و دیزاینەی پێنج خولی پێشوو یەکەم بوونی مسۆگەربوو گرەنتی هەمان ئەنجام بەدەستبخات.

شانسی پارتی لەلاوازبوونێکی بەهێزدایە، چونکە لای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی، کارتەکانی دەستی زەمانەتی مانەوەی بەم بەهێزیەی ناکەن کە بوونیاتی هەرێمی کوردستانی لەسەر دامەزراوەو بەردەوامە، ئاخر کارتەکانی پارتی بۆ یاریکردن و گەمەکردن بەعێراق، ئێران، ئەمریکاو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کەشفن و بێ دەستەبەری دەنگێکی زۆر لە هەڵبژاردن، هیچ کارتێکیان نابێتە فریادرەسی ئەم حزبە.

پارە، نەوت، چەک، ئەمن، دەزگای جاسوسی و هەواڵگری، جوگرافیای پاشماوەی شەڕی ناوخۆ و هەرچی هۆکاری تر هەیە، چیتر نابنە ئەو فریادرەسەی پارتی سیاسەتی پێوەکردوون، چونکە بەجدی سەردەمی شەڕی گەورە هاوشێوەی جەنگی ئۆکرانیا، روسیا لەعێراق و هەرێمدا لەم نزیکانە نەماوە، کە پارتی و بارزانی تەمەنای دەگەن.

پاراستنی هەرێمی کوردستان، ئەمنیەتی خەڵکەکەی و تەنانەت پاراستنی ئەمنیەتی سەرمایەگوزاری بیانی رەگێکی قوڵی بەو رۆحیەتەوە هەیە کە خەڵکی کوردستان لە لێبورەدەیی و ئاشتییەوایدا هەیەتی، نەک ئەو خۆ بەپاڵەوانکردنەی پارتی نمایشی دەکات.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان، بەرێوشوێنی ئێستای گرەنتیەکی باشە بۆ رەخساندنی باشتربوونی دۆخی خەڵک و هەرێمی کوردستان و کاڵبوونەوەی کابووسی پارتی، لەبەر ئەوە خۆتان باشتر بۆ هەڵبژاردن ئامادە بکەن.

لە نووسینی ئیبراهیم عەباس