پارتی لە شکستەکەی خۆی ئاگادارە
یەکێک لە هەرە گرنگترین ئامانجەکانی پارتی ئەوە بوو کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە دەست بێنێت، ئەمەش نەک بۆ خزمەتکردنی شارەکە و سەلماندنی کوردبوونی، بەڵکوو وەک دژایەتییەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. پارتی بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵە ڕێکەوتنێکی نهێنی لە گەڵ لایەنە عەرەب و تورکمانەکان کردووە.
گەڕانەوەی پارتی و دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان ئامانجەکانی ئەو حیزبەی بەدی نەهێنا. تەنیا ئیشی بەرپرسانی پارتی بە تایبەت کەمال ناکەرکوکی ئەوەیە کە چەند کەسێکی پارەویست و گیرفان بەتاڵ لە کەرکوک بدۆزنەوە و ئەوان بە ئەندامی یەکێتی بناسێنن و پەیوەندییان بە ڕیزەکانی خۆیانەوە ڕابگەێنن. ئەمەش خەڵکی کوردستانی هێندەی دیکە توڕە کردووە کە پارتی وەک دەسەڵاتداری حکومەتی هەرێم چەندین مانگە مووچە دابەش ناکات و هەموو جومگەکانی ئەم هەرێمە پەکخراوە بەڵام پارە و داهاتی کوردستانی خستووەتە ئیشی حیزبییەوە و بۆ کڕینی خەڵک و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکانی دیکە بەکارهێناوە.
پارتی کە بەم فەشەلەی زانیوە، لە ڕێگەی هێمن هەورامییەوە ڕایگەیاندووە کە مەرج نییە پارێزگاری داهاتووی کەرکوک لە پارتی یان یەکێتی بێت، مەرج ئەوەیە کە کوردێکی باش بێت.
پرسیارەکە ئەوەیە کە پارتی ئەگەر ئەمەی دەویست، بۆ سەرەتا لە گەڵ یەکێتی و حیزبە کوردییەکانی دیکە نەبووە هاوپەیمان تا کورد بە یەکگرتوویی بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکوکدا بکات؟