پارتی لە ترسی مالیکی، عیماد باجەڵانی شەرمەزار کرد

مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە عیماد باجەڵان ئەوەی لە سەر نوری مالیکی باسیکردووە و لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاو بووەتەوە، ڕای شەخسییە و تەعبیر لە ڕا و بۆچوونی ئەم حیزبە ناکات.

لە ڕوونکردنەوەیەکی مەکتەبی سیاسی پارتیدا هاتووە کە ماوەیەکە عیماد باجەڵان لە وتووێژکردن لە گەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، وتە و شرۆڤەکانی وەک ڕای پارتی پێناسە دەکرێت، لە کاتێکدا کە ڕای پارتی لە سەر ڕووداوەکان، یان ڕۆڵ و هەڵسەنگاندنی کەسایەتییەکان و هەر بارودۆخێک، مافی هیچ کەس و ئۆرگانێک نییە جگە لە وتەبێژی فەرمی و ڕاگەیاندراوەکانی مەکتەبی سیاسی.

مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاندووە کە هەرچی ناوبراو سەبارەت بە بەڕێز نوری مالیکی وتووە، تەعبیر لە ڕا و بۆچوونی پارتی ناکات و ڕای شەخسی خۆیەتی.

لەو ڕوونکردنەوەدا هاتووە کە داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین کە ڕا و شرۆڤەی تایبەتی شرۆڤەکاران و ڕاگەیاندنکارەکان وەک ڕای پارتی پێناسە نەکەن، بەڵکوو وەک ڕا و بۆچوونی کەسی بیانناسێنن.