پارتی لەرێگەی لیستی كەسانی مردوو دیزاینی پێشوەختەی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی دەكرد

لوقمان وەردی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاند؛ پارتی پێشتر لەرێگەی لیستی كەسانی مردوو دیزاینی پێشوەختەی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی دەكرد.

لوقمان وەردی لە پەیجی تایبەتی خۆی نووسی: پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەسەرەتاوە دژایەتی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەربڕیوە، بۆ ئەوەش كۆمەڵێك پاساوی نابەجێی دەهێنایەوە كە هیچ كام لەو پاساوانە لەجێی خی نەبوون، بەڵام لەڕاستیدا داواكاری پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ترسانی ئەو حزبە بوو لە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەوەی كە دەنگەكانی كەمدەكات و بواری ساختەكاری كەمدبێتەوە بۆ زیادكردنی دەنگەكانی.

ڕاشیگەیاند: دژایەتی كردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دژایەتی كردنی خواستی شەقام و زۆربەی خەڵكی كوردستان و قەوارەی هەرێمی كوردستان بوو، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی پێشتر لەرێگەی لیستی كەسانی مردوو دووبارە دیزاینی پێشوەختەی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی دەكرد كە لەبەرژەوەندی خۆیدابوو.