پارتی شەڕی تورکیای هێناوەتە سلێمانی
بۆردومانەکانی تورکیا لە سلێمانی و ناوچەکانیتری ژێر دەسەڵاتی یەکێتی زیادی کردووە. لە ڕاستیدا پارتی و مەسرور بارزانی هەوڵیانداوە شەڕەکە لە هەولێر و دهۆک دووربخەنەوە و سلێمانی و ناوچەکانی تر بەرەو ئاڵۆزی ببەن.
ئەوەی پارتی دەیکات بووەتە هۆی نیگەرانییەکی زۆری خەڵکی ناوچەکە و پارتی و مەسرور بارزانی بە خیانەت بە خەڵک و خزمەت بە دوژمن تۆمەتبار دەکەن. لە ڕاستیدا مەسرور بارزانی خاک و خەڵکی کوردستانی کردووەتە قوربانی پیلانگێڕییەکانی خۆی.
پارتی بووەتە سەرئێشە و سوودێکی بۆ خەڵک و کوردستان نییە، بوونی ئەم حیزبە بەردەوام زیان و مەترسیی بۆ خەڵک درووست کردووە. پارتی چاوی بە ڕووی سلێمانیدا هەڵنایەت و پەکەکەی کردووەتە بیانوو بۆ ئەوەی لە ڕێگەی تورکیاوە لە یەکێتی و ئەم شارە بدات.
بە هۆی سیاسەت و دوژمنایەتی مەسرور بارزانی و پارتی، سلێمانی بووەتە ناوچەیەکی ئاڵۆز و تەنانەت شانە نوستووەکانی داعشیان لەم ناوچەیە چالاک کردووە و لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو بە دەیان ئەندامی داعش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستگیر کراون.
پارتی ئەوەی سەلماندووە کە سیاسەتەکانی کێشەیان بۆ هەرێمی کوردستان درووست کردووە و بەم داگیرکارییەی تورکیا دەیەوێت خۆی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و هەروەها یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش تووشی کێشە و قەیران بکات.