پارتی شانازی بە خیانەتەوە دەکات
هیچ کوردێک نییە نەڵێ 31 ی ئاب خیانەتی پارتی و بارزانییەکان نەبووە، ئەوەی تەنیا وشەیەک بە کوردی قسە بکات، دەزانێت مەسعود بارزانی بۆ بەرژەوەندی خۆی چۆن سوپای بەعسی هێنایە هەولێر و گیان و ماڵی خەڵکی خستەوە ژێر دەستی سوپا داپڵۆسێنەرەکەی بەعس، هەمان ئەو سوپایەی کە بە دەیان هەزار کوردی ئەنفال کردبوو.
لە ساڵیادی 31 ی ئابدا دەبینین کە کوردستان بە خەڵک و میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بووەتە شوێنی ڕق و ڕەخنە و دوژمنایەتی لە گەڵ پارتی و بارزانییەکان. بەڵام ئەم حیزبە 31 ی ئاب بە شانازی و دەسکەوتی نیشتمانی ناو دەبات و لە زمانی گەورە بەرپرسانی پارتیشەوە دەبیسین کە چۆن هێرش دەکەنە سەر شعور و ووشیاری خەڵک.
پارتی بۆ وەڵامدانەوەی ئەم شەپۆلە ڕەخنەیە، ژمارەیەک عەرەب و کرێکاری بیانی و کۆیلەکانی بەردەم لق و بارەگاکانی خۆیی ڕژاندووەتە ناو شەقامەکانی هەولێر و بە ناو ساڵیادی 31 ی ئاب بەرز ڕادەگرن.
لە مێژوودا ڕەنگە ئەمە یەکەم جار بێت لایەنێک کە سەرکردەکەی خۆی بە مەرجی کورد دەناسێنێت، شانازی بە خیانەتێکی نیشتمانییەوە بکات. پارتی بەم یادکردنەوە زیاتر لە ڕابردوو خۆیی خستووەتە بەردەم ڕق و کینی خەڵکی کوردستان و لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیش ئەنجامەکەی دەبینێتەوە.