پارتی سەری هەرێم دەخوات

پارتی و بنەماڵەی بارزانی بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی خۆیان پشت بە ئەمریکا دەبەستن و زۆرترین هێز و چەندین بنکەی سەربازی و هەواڵگری ئەو وڵاتەیان هێناوەتە هەولێر و ناوچەکانی دیکە.

ئەم سیاسەتەی بنەماڵەی بارزانی، پێشوازی لە هەڵگیرسانی شەڕێکە لە هەرێمی کوردستان و ئامادەکاریش دەکەن بۆ ئەگەری شەڕێکی نوێ لە ناوچەکە کە کوردستانیش بە هۆی ئەمریکاوە بەشێک لەو شەڕە دەبێت.

پەرلەمانی عێراق یاسای دەرکردنی هێزی بێگانە بە تایبەت ئەمریکییەکانی پەسەند کردووە، حکومەتی عێراق بە زۆرینە لە لایەنە شیعەکان پێکهاتووە کە دژی ئەمریکان و بوونی هێزەکانی ئەو وڵاتە بە داگیرکاری ناو دەبەن، کەچی پارتی و بارزانییەکان باوەشی زیاتر بۆ هێزەکانی ئەمریکا دەکەنەوە.

پشتیوانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە هێزەکانی ئەمریکا و سیاسەتەکانی واشنتن لە عێراق و ناوچەکە خەریکە سەری هەرێم دەخوات. ئەمەش لە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەریر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە ڕوونی دەبینرێت.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە مەسعود بارزانی بە نهێنی بانگهێشتی وەزیری تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و دۆخی تەندرووستی هەرێمی لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەرێکی نوێ لە ناوچەکە تاوتوێ کردووە.

هەر بە پێی زانیارییەکان، وەڵامەکەی دکتۆر سامان بەرزنجی بە جۆرێک بووە کە بە دڵی مەسعود بارزانی نەبووە، ئەمەش بە هۆی ئەوەی کە ژێرخانی تەندرووستی هەرێم هاوشێوەی بەشەکانی دیکە بە تەواوی لاوازە بە هۆی دەسەڵاتی حیزبی و ئەو گەندەڵییە زۆرەی لە کوردستاندا دەبینرێت.