پارتی دڵی بە لاهور خۆش کردووە!

ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و سەرکەوتنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەی سەلماند کە لاهور شێخ جەنگی یان پێگەی نەماوە یان ناوێرێت کاریگەریی لە سەر دەنگەکانی یەکێتی دابنێت.

بە بۆچوونی شارەزایان، ئەم هەڵبژاردنە دوایین بزماری سەر تابوتی سیاسی لاهور شێخ جەنگی بوو کە هیچی پێناکرێت و ناتوانێت هەنگاوێکی سیاسی گەورە هەڵبگرێت و یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی یەک بە یەکی بەربەستەکانی دەبڕێت و هەنگاو بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکانی هەڵدەگرێت و ئەوەی لە کەرکوک ڕوویدا نموونە و بەڵگەیەکە لە سەر ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا دیسانەوە لاهور بێ کاریگەر دەکرێت و یەکێتی لانیکەم پارێزگاری لە دەنگەکانی دەکات.

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە تای سەرکەوتنەکەی بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی لە کەرکوک بەری نادات و شکستەکەی بووەتە هۆکاری ناکۆکییە ناوخۆییەکان کە لە پاش پشووەکانی سەری ساڵ ئەنجامەکەی دەردەکەوێت، لە ڕاگەیاندنەکانیدا پشتیوانی لە لاهور شێخ جەنگی دەکات و وەک بڵێی دەیەوێت بە لاهور شەڕی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی بکات.

میدیاکانی پارتی ڕایانگەیاندووە کە لاهور شێخ جەنگی جوڵەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردووە و لیستی تایبەتی دەبێت.

پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش هەمان قسە و باسی میدیاکانی پارتی لە سەر لاهور شێخ جەنگی بیسترا و دڵیان بەوە خۆش کردبوو کە لاهور شێخ جەنگی کاریگەریی لە سەر دابەزاندنی دەنگەکانی یەکێتی دەبێت و پارتی لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت یەکەمی لایەنە کوردییەکان بێت کە پێچەوانەکەی دەرچوو.

لە داهاتووشدا هەمان ڕاستی لە سەر لاهور شێخ جەنگی، یەکێتی، پارتی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووبارە دەبێتەوە و زۆر جار باس لەوە کراوە کە لاهور شێخ جەنگی زۆر دەمێکە کۆتایی هاتووە و ڕەنگە تەنیا لە یاریگاکان و چاخانە و کافتریا و پرسەکانی خەڵکدا بوونی خۆی بسەلمێنێت.