پارتی دوژمنی رۆژنامەنووسانە

لە مێژووی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانیدا کپکردنی دەنگە ناڕازییەکان بەردەوام هەبووە. ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، زیندانیکردن و تیرۆری ڕۆژنامەنووسان بەشێکە لە مێژووی پارتی و بارزانییەکان.

نوێترین تاوانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بارزانییەکان لە دژی ڕۆژنامەنووسان، دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدە کە نزیکەی 8 مانگە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو حزبەوە ڕفێندراوە و دەستبەسەرە.

سلێمان ئەحمەد رۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژ نیوزە و لە دەروازەی فیشخابور لە لایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستگیر کراوە و پاش 211 ڕۆژ ڕێگە بە پارێزەرەکانی درا ئەو ببینن.

پارتی و باڵەکەی مەسرور بارزانی وەک دۆسیەکانی ڕابردوو، تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانییان داوەتە پاڵ ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد و دەیانەوێت لە دادگاکانی سەر بە بنەماڵەی بارزانی سزای بە سەردا بسەپێنن.

پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەم دۆسیەشدا هەوڵی داڕشتنی سیناریۆیەک دەدات بۆ سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسە تا بتوانێت سزای بدات.

بەم دۆسیەوە زیاتر بۆ خەڵکی هەرێم، نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی دەرەوە و ڕێکخراوە جیهانییەکان ڕوون بووەتەوە کە پارتی چەندە دوژمنی ئازادی ڕادەربڕینە و ئاستەنگ بۆ کاری رۆژنامەنووسی و میدیایی درووست دەکات.