پارتی خزمەتکاری تورکیایە

لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی كە لە ڕۆژنامەی خەباتی زمانحاڵی پارتی بڵاوكراونەتەوە گوایە لە سنوری سلێمانی ڕاهێنان بە چەكدرانی پەكەكە دەكرێت، چاودێریكی سیاسی ئاماژە بەوەدەكات ئەو تۆمەتانەی كە پارتی بۆ یەكێتی و ئیدارەی سلێمانی دروستیكردوون و دەیانكات، خزمەتكردنی دوژمنانی كوردە و دژی بەرژەوەندییە گشتییەكانی گەلی كوردە.

ئارێز عەبدوڵا، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕایگەیاند: ئەو تۆمەتانەی كە پارتی بە ئاشكرا و بێ گوێدانە پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندیە گشتییەكانی گەلەكەمكان دەیانخاتە پاڵ یەكێتی و ئیدارەی سنوری پارێزگای سلێمانی خزمەتكردنێكی بێبەرامبەرە بە دوژمنانی گەلی كورد، لە كاتێكدا پارتی لەڕێگەی دەزگایەكی فەرمی زمانحاڵی خۆیەوە ئەو تۆمەتانە ئاراستەی یەكێتی و ئیدارەی سلێمانی بكات ئەمە كارەساتە كە خۆیشی دەزانیت ئەوەی وتراوە ناڕاستە.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەوەی دەوترێت چەكداری پەكەكە لە سلێمانی هەن و ڕاهێنانیان پێدەكرێت درۆیەكی شاخدارە، بەڵام دەكرێت لایەنگرێكی ئەو حزبە لە سلێمانی هەبیت هەروەك لە هەولێر و دهۆك و ئەنکەرە و هەموو دونیاش لایەنگر هەر هەبووە و دەبێت، چونكە پەكەكە حزبێكی ئایدۆلۆژییە و لە سەرتاسەری دونیا لایەنگریان هەیە، بۆیە ئەمە ناكاتە ئەوەی لە سلێمانی هەبن و لە هەولێر و دهۆك بوونیان نەبێت.

ئەو چاودێرە سیاسییە ئەوەشی خستەڕوو: پارتی بەم كارانەی دژ بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان دەوەستێتەوە و لە هەمان كاتیشدا بیانوو دەداتە بە توركیا بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە هێرشكردنە سەر سنوری سلێمانی و زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی هاووڵاتیان، هاوكات ئەم جۆرە سیاسەتەی پارتی دەبێتە هۆی تۆخكردنەوەی جیاوازیكردن لە نێوان هەولێر و سلێمانی و دروستكردنی دووبەرەكی زیاتر لە پێناو بەرژەوەندی توركیا.