پارتی بە هۆکاری ڕووداوەکەی حەمدانیە تۆمەتبار دەکرێت

سەرۆکی فراکسیۆنی بابیلۆن لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکەی حەمدانیەی نەینەوایە کە بەو هۆیەوە سەدان کەس کوژران و برینداربوون.

ئەسوان کلدانی ڕایگەیاندووە کە پارتی دەیەوێت ڕووداوەکەی حەمدانیە بۆ مەرامی تایبەت و تێکدان و ئاڵۆزکردنی دۆخی عێراق بە کار بێنێت.

ڕاشیگەیاندووە کە موڵەتی بیناسازیی ئەو هۆڵە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە هۆڵی هەیسەم کە کارەساتەکەی تێدا ڕوویداوە، لە سەر زەوی کشتووکاڵی و بە بێ هیچ تایبەتمەندییەک درووستکراوە.

ئەسوان کلدانی ڕایگەیاندووە کە خاوەنی هۆڵەکە بە تەزکیەی پارتی و ڕەزامەندی ئاسایشی ئەو حیزبە هۆڵەکەی درووستکردووە.