پارتی بۆ کێشەی لافاوی هەولێر چارەسەر ناکات؟

بەو هەموو زیانەوە کە لە ساڵانی ڕابردوو لافاوەکەی هەولێر بە خەڵکی گەیاندووە، پرسیاری گرنگ و بێ وەڵامی ئەوان ئەوە بووە کە بۆ ئەم کێشەیە لە لایەن حکومەتەکەی پارتییەوە چارەسەر ناکرێت؟

خەڵکی شاری هەولێر لە گەڵ بارینی دڵۆپە بارانێک ترسیان لێدەنیشێت و هیچ هیوایەکیان بە حکومەتە کەمتەرخەمەکە نەماوە و خۆیان دەستپێشخەری دەکەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دروستبوونی لافاو.

سەرەڕای چەندین بەڵێن و پەیمان لە لایەن پارێزگاری هەولێرەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی لافاو، بەڵام نەیتوانی بەڵێنەکەی بباتە سەر و ڕایگەیاندووە کە ئەوەی لە هەولێر ڕوو دەدات تەنیا پڕبوونەوەی ئاوە و هیچ مەترسییەکی بۆ سەر هاووڵاتیان نییە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر نەک تەنیا زیانێکی زۆری مادی هەیە بەڵکوو زیانی گیانیشی لێدەکەوێتەوە. لە پاش چەند هەوڵێکی شکستخواردوو، ئومێد خۆشناو داوای لە هاووڵاتیان کرد لە کاتی لافاودا بچنە شوێنی بەرز.

ماوەی 30 ساڵە کێشەی دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر چارەسەر نەکراوە، لە کاتێکدا کە تەنیا پێویستی بە پرۆژەیەکە بۆ ئەوەی مەترسییەکە لە سەر هەولێری پایتەخت بوەستێنێت.

چارەسەرنەکردنی کێشەی دەیان ساڵەی لافاوی شاری هەولێر، لاوازبوونی حکومەتە کەمتەرخەمەکەی پارتی و بارزانییەکان دەسەلمێنێت.