پارتی بودجەی کوردستان لە پرۆژەی سەنگەرگواستنەوەدا خەرج دەکات

میدیاکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕایانگەیاندووە کە 82 ئەندام و لایەنگری یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی بە نوێنەرایەتی ماڵباتەکانیان لە سنوری ئاکرێ و بەردەڕەش سەردانی بارەگای لقی پارتییان کردووە و پەیوەندییان بەو حیزبەوە کردووە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی سەختی ئابوری و داراییدا تێپەڕ دەبێت و مووچەخۆران بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگە مووچەکانیان وەرنەگرتووە.

خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستییە دەزانن کە ئەوانەی پەیوەندییان بە پارتییەوە کردووە بە بێ پارە و ئیمتیاز نەهاتوون و حەزیان لە بەژن و باڵای بەرپرسانی پارتی نەبووە بەڵکوو تەنیا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان چوونەتە ڕیزەکانی ئەو حیزبەوە.

مەردان خدر بەرپرسی لقی نۆی پارتی بانگەشەی ئەوەیکردووە کە دەرگای ئەو حیزبە بۆ خزمەتکردنی گەلی کورد و بەهێزکردنی سەنگەرەکانی کوردایەتی کراوەیە.

سەنگەرگواستنەوە لە حیزبەکانی دیکەوە بۆ ڕیزەکانی پارتی چ خزمەتکردنێکە بە گەلی کورد کە بەرپرسانی پارتی وا هەوڵی بۆ دەدەن؟