پارتی باجە قورسەکە دەدات

پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بارزانییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە دەسەڵاتێکی خێڵەکیی دیکتاتۆرن و بۆ مانەوەیان لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان پەنا بۆ هەر کارێکی پێویست دەبەن.

پارتی لە بەر کێشە ناوخۆییەکان و ئەو ترسەی لە کەمبوونەوەی ڕێژەی دەنگەکانی هەیەتی و بە بیانووی نەمانی کورسی کۆتاکانەوە، بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی کردووە و لە ڕاستیدا نەک بایکۆت بەڵکوو بە تەواوی ڕێگریی لەوەش کردووە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەر ئەمری مەسعود بارزانی و لە ڕاستیدا بە پلانێکی داڕێژراوی مەسرور بارزانی، سەردانی بەغدای کرد و لە گەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کۆبووە تا ڕەزامەندی ئەوان لە سەر دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بە دەست بێنێت.

لە کۆبوونەوە و لێدوانەکانی سەرکردە شیعەکان، نێچیرڤان بارزانی وا تێگەیشتووە کە ئەوان گڵۆپی سەوزیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان هەڵکردووە، بە تایبەت محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە ڕایگەیاندووە هەڵبژاردنەکان دەبێت بە کۆدەنگی سیاسی و بەشداری هەموو پێکهاتەکان بێت.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە دوای دەرچوونی مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان، نێچیرڤان بارزانی دەزانێت باجی ئەم کارەی چەندە قورس و قەرەبوونەکراوە، زیانێک کە خۆی و حیزبەکەی پێوە دەناڵێنن.

پارتی هیچ ڕێگەیەکی لە بەردەمدا نەماوە و هەڵبژاردنەکان بە فەرمی دوا دەخات و باجی ئەمەش دەدات کە ڕەنگە هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە بێت، هەروەها لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش پارتی بە تەواوی پەراوێز کەوتووە و خەڵک و حیزب و لایەنە سیاسییەکان وەک تێکدەری دۆخی هەرێم و دژبەری مافی گشتی ناوی دەبەن.