پارتی: ئەوەی ناوی پەکەکە بێنێت دەستگیر دەکرێت

بوونی پەیوەندی لە گەڵ پەکەکە بووەتە پاساوێکی درۆ بۆ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی پارتی تا ئەو کەسانەی ڕەخنە لە دەسەڵاتی بارزانییەکان دەگرن، دەستگیر بکات.

لە ڕۆژانی ڕابردوو هەواڵی دەستگیرکردنی ئیسلام کەشانی کارگێڕی مەڵبەندی 13 ی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە زاخۆ بڵاو کرایەوە کە ئەویش لە چوارچێوەی هەمان هەڵمەتی دەستگیرکردنی ڕا و بۆچوونە جیاوازەکانی دەڤەری بادینانە کە ترس و دڵەڕاوکێی زۆری خستووەتە دڵی دەسەڵاتدارانی پارتی و بنەماڵەی بارزانییەوە.

ئاسایشی پارتی لە زاخۆ لە ڕاگەێندراوێکی بێ بنەمادا ڕایگەیاندووە ئیسلام کەشانی بە بڕیاری دادوەر و بە هۆی تێکەڵبوونی لە گەڵ پەکەکە دەستگیر کراوە و ئێمە کەسێک لە سەر بیر و بۆچوونی جیاواز دەستگیر ناکەین.

ناڕەزایەتییەکان دژ بە پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە بادینان وەک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەوان پەرەی سەندووە و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی پارتی دەیانەوێت بە زەبری هێز و دەستگیرکردن و تۆقاندن خەڵک پاشگەز بکەنەوە بەڵام ئەو شۆڕشەی لە بادینانەوە دەستیپێکردووە، ڕاناوەستێت و لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو زیاتر ڕەنگدانەوەی دەبێت.

ئەو بەیاننامە بێ بنەمایەی ئاسایشی زاخۆش لای خەڵکی ناوچەکە و کوردستان هیچ بایەخێکی نییە و خەڵک زۆر دەمێکە ئەو ڕاستییە دەزانن کە تا دەنگ بەرز بکەیتەوە و ڕەخنە لە ماڵباتی بارزانی بگریت شوێنت گرتووخانە و چارەنووست ئەشکەنجە و کوژرانە.