پارتییەکانی کەرکوک: وەزعەکە شڕە

پارتی خۆیی ئامادە کردووە کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکوک بە هەر پیلان و شەڕ و ئاژاوەیەک بێت ژمارەیەک کورسی بە دەست بێنێت و بە هاوکاری و کڕینی دەنگی پێکهاتەکانی دیکە پۆستی پارێزگار بە دەست بێنێت بەڵام ڕاستییەکان شتی دیکە دەڵێن و تەنانەت پارتییەکانی کەرکوک ئەمەیان بە مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو حیزبە ڕاگەیاندووە.

بەرپرسانی پارتی لە کەرکوک ئەوەیان بە مەسعود بارزانی گەیاندووە کە دۆخی حیزبەکەیان باش نییە و بە هەموو هەوڵێک ڕەنگە تەنیا بتوانن یەک کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە دەست بێنن.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی پارتی لە کەرکوک ڕاپۆرتێکیان بۆ مەسعود بارزانی بەرز کردووەتەوە و گلەی زۆریان لە دانانی لیزا فەلەکەدین و کەمال ناکەرکوکی لەم شارە و وەک نوێنەری پارتی کردووە.

ئەوان ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەگەر پارتی و مەسعود بارزانی لە خەمی کەرکوکدان، بۆ کەسایەتییەکی بەهێزیان بۆ کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان دانەناوە.

بەرپرسانی پارتی لە کەرکوک ڕایانگەیاندووە کە پارتی دەبێت بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان کەسانی بەهێز ڕەوانەی کەرکوک بکات، یان دەبێت مەسعود بارزانی و جێگرەکانی لەم شارەدا ئامادە بن.

پارتییەکانی کەرکوک ئەوەیان باس کردووە کە یەکێتی و نەوەی نوێ زۆربەی دەنگەکانی کورد دەبەن و دۆخی پارتی هێندە خەراپە کە تەنانەت مووچەخۆرەکانیشی دەنگ بە کاندیدەکانی نادەن و لە باشترین حاڵەتدا ڕەنگە پارتی کورسییەکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە دەست بێنێت.

پارتی بەم دۆخەوە و وەک شەڕێکی دەروونی بەردەوام هەوڵ دەدات بڵێت کە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکوکدا بەڕێوە ناچێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە پرۆسەکە لە کەرکوک لە هەمان بەرواری دیاریکراو وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەڕێوە دەچێت.