پارتی، حیزبی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان

پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەم ڕۆژانەدا هاواری لێهەستاوە و داوا دەکات خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان و لە گەڵیدا بن، هێرشە موشەکییەکەی هەولێری کردووەتە بیانووی ئەو دۆخەی کە تەنانەت خەڵک لە چەند ناوچەیەکی ژێر دەستی خۆی نەبێت، وەڵامیان نەداوەتەوە.

ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان پارتیی لە کەرەجەوە گەیاندە هەولێر و لە بنەماڵەیەکی بێ دەسەڵاتەوە بوونەتە هێزێک کە حسێب بۆ هیچ کەس و لایەنێک ناکەن و بە شێوەیەک یاخی بوون کە تەنانەت لە سەردەمی ڕیفراندۆمدا داواکەی ئەمریکاشی ڕەتکردەوە.

پارتی بە دەهۆڵی تورکیا هەڵدەپەڕێت و ئەوەی ئەنکەرە دیاریی دەکات لە لایەن پارتی و ماڵباتی بارزانییەوە یەک بە یەک جێبەجێ دەکرێت.

ئەو سیاسەتەش وایکردووە کە هەرێمی کوردستان لە بەردەم هەڕەشەی جیدیدا بێت و لە ئاستی ناوخۆش ناڕەزایەتییەکانی چین و توێژە جیاجیاکان گەیشتووەتە لوتکە و لە هەر ئان و ساتێکدا بە ڕووی حکومەتەکەی مەسرور بارزانیدا دەتەقێتەوە.

ڕیفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی نیوەی خاکی کوردستانی لە دەستدا و ئەو نیوەکەشی بە هۆی سیاسەتی ئەوانەوە ئەوەندە فشاری لە سەرە کە بەرەو پوکانەوە و لەناوچوون دەڕوات.

ئەو هەموو گەندەڵییەی ماڵباتی بارزانی کردوویانە، بووەتە هۆی ئەوەی لە ئەمریکا هەڕەشەی جوڵاندنی سکاڵا لە دژیان دەکرێت و سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە ساڵی 2024 بۆ ئەوان ساڵێکی ناخۆش دەبێت.

لە ئێستادا پارتی و بارزانییەکان دەیانەوێت هێرشەکەی ئێران بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە و وەک پاکانەیەک بۆ دەسەڵاتە شکستخواردووەکەیان بەکاری بێنن. پارتی لە گەڵ هاواری خۆی داوا دەکات شەقامیش هاوار بکات.

کەلەڕەقی بەرپرسانی باڵای پارتی دەیان قەیرانی لێکەوتووەتەوە، قەیران لە دوای قەیران کوردستانی گرتووەتەوە. قەیرانی سیاسی، ئابوری، پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، قەیرانی زۆربوونی بەچکەسیاسییەکان و نموونەکانی تر خەریکە سەری کوردستان دەخوات.