پارتى، گەنجانى بادینان لەسەر تۆمارکردنى دیمەنى بۆردومانەکانى تورکیا دەستگیردەکات

بەهۆى تۆمارکردنى دیمەنى بۆردومانەکانى تورکیا لە سنورى بادینان و لە سەر داواى سوپاى تورکیا هێزە ئەمنییەکانى پارتى هەڵیانکوتایە سەر چەند ماڵێک لە گوندى گوهەرز و چەند گەنجێکیان دەستبەسەرکرد.

لەشکرکیشییەکانى تورکیا بۆ ناو خاکى هەرێم بەردەوامى هەیە و لە چەند رۆژى رابردووشدا سوپای تورکیا سەرقاڵى دامەزراندن و کردنەوەى چەند بنکەیەکى سەربازى بوو لە پشتی گوندی گوهەرزەوە و هێزەکانى پارتیش ئەرکی چاودێریی کردنی حەفارە و کەرەستەکانی پێسپێردرابوو هاوکات 24 کاتژمێریش چاودێریی هاوڵاتییانی سنوورەکە دەکەن.

بە پێى زانیارییەکان، لە ڕۆژی 20ی تشرینی دووەم، دوای ئەوەی گەریلاکانی ئازادیی چالاکییان لە دژی سوپای داگیرکەری تورک ئەنجامدا و ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە بۆردوومانی ناوچەکەی کرد، لەو کاتەدا ژمارەیەک گەنج لە گوندی گوهەرز سەربە شارەدێی دێرەلوکی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک بە مۆبایلەکانیان بۆردوومان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان تۆمار دەکرد، دەستبەجێ سوپاى تورکیا فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرکردوون.

لە زانیارییەکاندا هاتووە، ئەو گەنجانە لە بنکە و بارەگاکانی سوپاى تورکیاوە بیندراون و سوپاکە دەستبەجێ فەرمانى بە هێزە ئەمنییەکانى پارتى کردووە ئەو گەنجانە دەستبەسەر بکەن، دوای ئەوەش چەکدارانی پارتى هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی گوهەرز و هەریەک لە (ئاوار محەمەد تاهیر، ڕێدوور تۆفیق، ئامەد تۆفیق) ڕفاندووە و ماوەی سێ ڕۆژە لە ئاسایشی شارەدێی دێرەلووک دەستبەسەرکراون و مۆبایلەکانیشیان لێوەرگیراوە.پێشتریش هەریەک لە (مەناف نەزمی، خالد نەجیب، ئەحمەد ئیبراهیم، تالب مووسا، هەوار مووسا، ئیبراهیم جبرائیل، بەدەل نوری) بە هەمان مەبەست بە ماوەی شەش مانگ زیندانیی کرابوون و بەشێکیانیش ئەشکەنجەی توند درابوون.