وەڵامێک بۆ ڕێباز حەملان، ئەمەیە سەرکەوتنەکانی مەسرور بارزانی؟

ڕێباز حەملان ی پێشتر گۆڕان و ئێستا پارتی، لە نووسینێکدا باسی سەرکەوتنی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستانی کردووە و ڕەخنەی لە یەکێتی و گۆڕان وەک دوو لایەنی دیکەی پێکهێنەری کابینەی نۆیەم گرتووە.

نازانم ڕێبازخان بە چی دەڵێت سەرکەوتن؟ سەرکەوتن لە تێڕوانینی ئەوەوە چ مانایەکی هەیە؟ ئایا شوێنکەوتوویی بارزانییەکان وا دەکات کە مرۆڤ چاو بە ڕووی ڕاستییەکان دابخات و هەوڵی چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی بدات.

ڕێباز حەملان لە کاتێکدا مەسرور بارزانی و حکومەتەکەیی بە سەرکەوتوو ناو بردووە کە دەیان کێشە و قەیران لەم چوار ساڵەدا هەبووە و ڕۆژانە و لە هەر کات و ساتێکدا خەڵک دەیبینن و ئەوەش دەزانن کە حکومەت چەندە کەمتەرخەمە و هەوڵی چارەسەرکردنی نەداوە.

حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بودجەی نەناردە پەرلەمان و ئامادەش نەبوو هیچ کات لە لایەن پەرلەمانتارانەوە پرساندنی بۆ بکرێت.

لە چوار ساڵ تەمەنی کابینەی مەسرور بارزانیدا ئازادی ڕادەربڕین پاشەکشەی کرد، ڕۆژنامەنووسان سزا دران، دۆسیەی گیراوانی بادینان کە لە سەر ڕەخنەکانیان لە بارزانییەکان و پارتی دیمۆکرات بووە، کاردانەوەی وڵاتانی ڕۆژئاواشی لێکەوتەوە بەڵام بارزانی و دادگاکانی سەر بە پارتی درێژەیان بەو زوڵم و نادادپەروەرییە داوە.

کابینەکەی مەسرور بارزانی بەشێک لە داهاتی گشتیی بۆ سەنگەرگواستنەوەی کەسانی وەک ڕێباز حەملان تەرخان کرد و جگە لە هەرێمی کوردستان، ناوچە دابڕێنراوەکانی پشتگوێ خست.

ئەم کابینەیە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو نەیتوانی کێشەی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا و سووتەمەنی چارەسەر بکات، هێشتا کەرتی تەندرووستی ئەوەندە لاوازە کە خەڵک بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی وڵاتانی دەرەوە دەکەن.

لە هەرێمی کوردستان بە هۆی ئازادبوونی چەک و بێ کاریگەری دادگاکانەوە، دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی وەک شەڕ و کوشتن و خۆکوشتن و جیابوونەوەی هاوسەران زیادی کرد و دیاردەی چەکی نایاسایی پەرەی سەندووە.

بە هۆی گرنگینەدان بە کەرتی کشتووکاڵ و هاوردەکردنی بەرهەمەکانی ئێران و تورکیا، ئەم کەرتە بە تەواوی بەرەو ڕووخان دەڕوات، لە بواری وزەش حکومەت شکستی هێنا و دۆسیەی نەوت بە تەواوی ڕادەستی حکومەتی ناوەندی کرا.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆچی گەنجانی کورد بەرەو هەندەران بەردەوامە و دیمەنی گیان لە دەستدانی ئەوان ئێش و ئازارەکانی خەڵکی بە ساڕێژنەکراوی هێشتووەتەوە.

ئەمە تەنیا چەند نموونەیەکی شکستی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. ئەگەر ئەمانە دەسکەوت و سەرکەوتنی حکومەتی هەرێمە با هەمووان بیزانن، بە پێچەوانەوە کەسانی وەک ڕێباز حەملان کە هەوڵی چەواشەکردنی ڕای گشتی دەدەن، دەبێت ڕیسوا بکرێن.