وەڵامێک بۆ سادق زیباکەلام: کوردستان شامی شەریف نییە

کەناڵی ڕووداو زمانحاڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە سادق زیباکەلام مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی لە تاران نامەیەکی کراوەی بۆ سەرۆک کۆماری ئێران تایبەت بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران ناردووە.

ڕووداو ئاماژەی بە چەند خاڵێکی نامەکەی زیباکەلام بۆ سەرۆک کۆماری ئێران داوە کە وێڕای ئاماژەدان، وەڵامیشیان دەدرێتەوە:
1: زبیاکەلام ڕایگەیاندووە کە ئێران پەیوەندییەکی باشتری لە گەڵ تاڵیبان لە ئەفغانستان هەبووە تا لە گەڵ کورد و هەرێمی کوردستان.
سەرتاپێی ئەم بۆچوونە هەڵە و نادرووستە. ئێران لە قۆناغە جیاجیا مێژووییەکاندا هاوکار و یارمەتیدەری هەرێمی کوردستان بووە و دوایین نموونەشی لە شەڕی داعشدا بووە کە ئەگەر هاوکارییە بەپەلە سەربازی و ڕاوێژکارییەکەی ئێران نەدەبوو، هەولێر تووشی هەڕەشە و هێرشی تیرۆریستانی داعش دەبوویەوە. ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان (پارتی دیمۆکراتی کوردستان) تووشی ساردبوونەوە بووە، هۆکارەکەی بۆ سیاسەتەکانی پارتی و ماڵباتی مەسعود بارزانی دەگەڕێتەوە. گرنگ ئەوەیە کە خۆیان بەو ڕاستییە گەیشتوون و سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانیش بۆ تاران لەو پێناوەدا بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بووە.
2: زیباکەلام ڕایگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان خاوەنی دیمۆکراسییە کە بەراورد بە هەندیک وڵاتی ناوچەکەوە لە ئاستیکی باشدایە.
پرسیار ئەوەیە کە کام دیمۆکراسی؟ لە ساڵی 2022 تا ئێستا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بە بۆنەی ناکۆکی و ڕێگرییەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەکخراوە و بەردەوام دوادەخرێت و هیچ ئاسۆیەک بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیە بەدی ناکرێت. زیاتر لەمەش هەڵبژاردن بکرێت و نەکرێت هیچ جیاوازییەکی نییە و پارتی و یەکێتی هەر دەسەڵاتدارن و هەمان دەمووچاوەکانی ئێستا لە هەر دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە سەر کورسییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان دەبینرێن.
3: سادق زیباکەلام ڕایگەیاندووە کە لە هەرێمی کوردستان هیچ کەسێک بە بۆنەی بۆچوون و ڕادەربڕینەوە دەستگیر نەکراوە.
لە ڕەتکردنەوەی ئەم بانگەشەیەدا دەبێت بڵێین کە لە هەرێمی کوردستان تەنیا لە سەر کۆمێنتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نەک تەنیا خەڵک دەستگیر دەکرێن بەڵکوو هەندیک جار بێسەروشوێن کراون و دەیان کەسیش هەیە کە بەو هۆیەوە لە دهۆک و هەولێر دەرکراون. نموونەی هەرە ڕوونی ئەمەش ئەدهەم بارزانییە کە تەنیا لە سەر ڕەخنەکانی لە بنەماڵەی دەسەڵاتدار لە زێد و ماڵی خۆی دوورخراوەتەوە و ماوەیەکیش ڕێگریی لێدەکرا بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.
4: سادق زیباکەلام هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە هەرێمی کوردستان هیچ ڕۆژنامەنووسێک زیندانی نەکراوە.
ئەمە درۆیەکی زۆر گەورەیە و تەواوی خەڵکی کوردستان لە دۆسیەی گیراوان و سزادراوانی بادینان بە تایبەت شێروان شێروانی ئاگادارن. هەروەها دەزانن سەردەشت عوسمان و وەدات حسێن و سۆرانی مامە حەمە و ئەوانیتر چۆن بە هۆی بۆچوون و ڕەخنەکانیانەوە گیانیان لێسێندرا.