وەهاب هەڵەبجەیی لە ساڵیادی خیانەتی 31ــی ئابدا: بە ڕوویەکی قایمەوە پاساو بۆ خیانەت دەهێنرێت

وەهاب هەڵەبجەیی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە ساڵیادی خیانەتی 31ــی ئابدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە؛ بە ڕوویەکی قایمەوە پاساو بۆ خیانەت دەهێنرێت.

لە پەیامەکەی وەهاب هەڵەبجەیی هاتووە: لە دۆخێکی سەختدا و لە هەلومەرجێکی هاوشێوەی 1996دا تاڵیادی 31ی ئاب بەبیردەهێنینە کە تا ئەبەد وەک گەورەترین مۆرکی خیانەت لە دەفتەری یادەوەری کورددا دەنوسرێتەوە و نەوە لە دوای نەوە ئەوە دەگێڕنەوە کە هێزێکی کوردی کاتێک توانای نامێنێت ڕکابەرییەکی شەریفانە بەرامبەر هێزێکی دیکەی کوردی بکات، دەچێت دەستی دوژمن دەگرێت و دەبێتە چاوساغ و کەوا سوری بەر تانکەکانی و دەیانهێنێتە سەر ئەو شارەی کە چەندین ڕۆڵەی هەڵۆ ئاسای بۆ شۆڕشە جیاوازەکانی گەلی کورد پێگەیاند و لەپێناو ئازادیی هەولێر و کوردستان گیانیان بەختکرد.

ئێستا کە 28 ساڵ بەسەر ئەو خیانەتەدا تێپەڕدەبێت، ئەوەی کە ناهێڵێت برینی 31ی ئاب ساڕێژ بێت ئەوەیە کە بە ڕوویەکی قایمەوە پاساو بۆ خیانەت بهێنرێتەوە، ئەم پێشهاتە ئەوەمان پێدەڵێت دووبارەبوونەوەی 31ی ئابێکی دیکە هەمووکات ئەگەرێکی کراوەیە و بەرەی خیانەت قەت سڵ لە ئەنجامدانەوەی ئەو کارە ناکاتەوە.

سەرەڕای ئەو مەترسیانە، بەڵام یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان سڵ لەوە ناکاتەوە و بە دەنگێکی دلێرەوە دەڵێت “بەڵێ باڵانسی حکومڕانی ڕاستدەکەینەوە و هەولێر بۆ خاوەنە ڕاستییەکەی دەگێڕینەوە” کە ئەمە تەنها دێڕێکی سادە نییە و بەڵکو پشتبەستە بە هێزی جەماوەر و سندوقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئایندەی کوردستاندا دەکەینە سەنگی مەحەک.

دەست بە سنگەوە دەگرین لە ئاست شەهیدانی کوردستادا، بە تایبەت ئەو شەهیدانەی لە خیانەتی 31ی ئاب شەهیدبوون و ئەو کەڵە سەرکردە و فەرماندە و پێشمەرگە مەزنانەی کە لە 31ی ئابدا کەوتنە دەست بەرەی خیانەت و چارەنووسیان تا ئێستا بە شاراوەیی ماوەتەوە