وەسیەتنامەکەی مەسعود بارزانی و داهاتووی پارتی

دەقی وەسیەتنامەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە لایەن هەندێک میدیاوە بڵاو کراوەتەوە، ئەوەش بە بۆچوونی شارەزایان دەتوانێت گڕ لە پەیوەندییەکانی نێوان نێچیرڤان و مەسرور بارزانی لە داهاتوودا بەربدات.

مەسعود بارزانی بە هۆی هەڵکشانی تەمەنیەوە دوا وەسیەتی خۆیی نووسیوە و لە ناوەڕۆکەکەیدا داهاتووی پارتی و پۆستەکانی لە هەرێمی کوردستان ڕوون کراوەتەوە.

بە گوێرەی ناوەڕۆکی وەسیەتنامەکە و بە ئامانجی رێگری لە پەرتەوازەیی پارتی، مەسعود بارزانی هەوڵیداوە دەسەڵاتەکان لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دابەش بکات.

بە پێی ئەو وەسیەتەش، مەسرور بارزانی دەکرێتە سەرۆکی پارتی و ئەنجومەنێکی باڵای سیاسی و دیپلۆماسی لە ناو پارتیدا درووست دەکرێت و نێچیرڤان بارزانی دەکرێتە سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە و دەسەڵاتی ڕاوێژکاری و تەشریفاتی دەبێت.

سەرکردەکانی پارتیش پەراوێز دەخرێن یان لە کۆنگرە دەرناچن و بە هەر هۆکارێکی دیکە لە کایەی سیاسی پارتی دووردەخرێنەوە و کۆتا شانسیان ئەوەیە کە لە ئەنجومەنەکەی نێچیرڤان بارزانی شوێنیان بکرێتەوە.

مەسعود بارزانی لە ناوەڕۆکی وەسیەتنامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر پارتی وەک ئێستا بەهێزەوە وەک حیزبی یەکەم بمێنێتەوە، داهاتووی پۆستەکان بەم شێوەیە دەبێت:

نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم دەمێنێتەوە.

پۆستی سەرۆکی حکومەت دەدرێتە مستەفا مەسعود بارزانی ناسراو بە بابۆ.

ئارین مەسرور بارزانی دەکرێتە بەرپرسی ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای هەواڵگری پارتی.

وەسیەتەکە ئاگری لە پەیوەندییەکانی هەر دوو باڵەکەی پارتی بەرداوە و نێچیرڤان بارزانی بە نیگەرانییەوە بڕیاری داوە کە وردە وردە شوێنپێی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوەی پارتی بەهێز بکات.