وەزیرە پارتییەکەی یەکێتی ستایشی کابینەکەی مەسرور بارزانی دەکات
پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت، چەندین مانگ قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکومەت لە گەڵ وەزیرانی یەکێتی بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران نەکرد. بەشێکی زۆر لە سەرکردایەتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەو بڕوایەدان کە مەسرور بارزانی هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو حیزبە و ڕێگری لە ڕێکەوتن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیش دەکات.
سەرەڕای ئەم بارودۆخە، ئارام محەممەد قادر کە لە پشکی یەکێتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە لە حکومەتی هەرێم، لە ڕێوڕەسمێکدا لە دهۆک ستایشی کار و چالاکییەکانی کابینەکەی مەسرور بارزانیی کردووە و بە سەرکەوتوو ناوی بردووە.
ناوبراو چوار ساڵ تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە پرشنگدار، جوان و خۆڕاگرانە ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە دەسکەوتەکانی ئەم کابینەیە بە شێوازێکە کە لە لاپەڕەکانی مێژوودا بنووسرێتەوە.
ئەم لێدوانانەی ئارام محەممەد قادر بە پێچەوانەی ڕەخنە و نیگەرانییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لە پارتی و مەسرور بارزانی. لێدوانەکانیش وەهان کە تەنانەت وەزیرەکانی پارتی بەم جۆرە ستایشی سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی ناکەن.