وەزیری پەروەردە بۆ مامۆستایان: بە بێ مووچە دەوام بکەن

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە مامۆستایان کردووە کە بایکۆتی دەوام نەکەن.

ئالان حەمەسەعید وەک بەرپرسانی دیکەی حکومەتی هەرێم بانگەشەی پابەندبوونی بە یاسای بودجەی عێراق کردووە و ڕایگەیاندووە کە بەغدا بە نایاسایی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی نەناردووە.

دەشڵێت کە مامۆستایان دەبێت بایکۆتی دەوام نەکەن و بۆ دەوامی خۆیان بگەڕێنەوە و لەم دۆخەدا داوای مووچە نەکەن.

ڕاشیگەیاندووە کە بە ئیرادەی سەرۆک وەزیرانێکی خۆڕاگر، ئەم دۆخە سەختە تێپەڕ دەبێت.

ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوە نەداوە کە ئایا خۆی مووچە وەردەگرێت یان نە؟ ئایا خێزانەکەی خۆی بە بێ پارە و مووچە دەتوانن درێژە بە ژیان بدەن، ئایا دەزانێت ئێش و ئازاری ئەو خێزانانەی مووچەکانیان بە هۆی سەرکێشی سیاسی پارتی و بارزانییەکانەوە دابەش ناکرێت، چۆنە؟