وەزارەتێک کە ژمارەی هێزەکانی نازانێت
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەر دوو کابینەی هەشتەم و نۆیەم تا ئێستا بە درووستی ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگەی نەزانیوە و ئەوەش وەک مووچە بە پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دراوە، وەک بڕە و لە سەر داواکاری ئەو دوو حیزبە بووە.
لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە لای مستەفای سەید قادر لە بزوتنەوەی گۆڕان بووە. لە کابینەی نۆیەمیش بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ئەم پۆستە لای شۆڕش ئیسماعیل لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە. تا ئێستاش یەکێتی و پارتی ژمارەی ڕاستەقینەی هێزەکانی 70 و 80 ی پێشمەرگەیان ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە نەکردووە.
ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەورووپا چەند ساڵێکە بانگەشەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن. پارتی و یەکێتیش هەموو کات دەڵێن ئامادەین بۆ ئەو مەبەستە. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەو حیزبانە کە ئامادە نین ژمارەی ڕاستەقینەی هێزەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرا بکەن، ئامادەن تەواوی هێزەکانیان بخەنە ژێر دەستی وەزارەتی پێشمەرگە؟
ئێستا کە حکومەتی عێراق موچەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکات، وەزارەتی پێشمەرگە بە ناچاری بە کۆد و ناو و ناونیشان، لیستی موچەخۆرانی ناردووەتە بەغدا بەڵام لیستەکەش ئەوەندە کەموکوڕیی تێدا بووە کە بەردەوام وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ڕەخنەی لە وەزارەتی دارایی هەرێم گرتووە. ئەمەش هۆکارەکەی ئەوەیە کە وەزارەتی پێشمەرگە تەنیا بە ڕواڵەت ناوی وەزارەتی پێشمەرگەیە و ئەو حیزبە کە فەرماندەیی و بەڕێوەبردنی ئیش و کاری هێزەکانی پێشمەرگە دەکات.