وەزارەتی پێشمەرگە هەڵدەوەشێتەوە
بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوازی پەنجا پەنجا لە پلە و پۆست و ئیمتیازاتەکاندا لە نێوان پارتی و یەکێتی دابەش کرا. ئەگەر وەزیر لە یەکێتی بووبێت، بریکاری وەزارەت لە پارتی بووە. سەرۆک ئەرکان و ئەمینداری گشتی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە بە هەمان شێوە لە نێوان ئەم دوو حیزبەدا دابەش کراوە.
ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان چەندین ساڵە پرۆژەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەیان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەوان دەیانەوێت هێزەکانی پارتی و یەکێتی یان هەمان هێزەکانی 80 و 70 لە چوارچێوەی هێزێکی نیشتمانیدا یەکبخەنەوە. بە درێژایی ئەم ساڵانە و بەو هەموو بودجە و پاڵپشتی لۆجستییەوە، پرۆژەکە نەک تەنیا سەرکەوتوو نەبووە بەڵکوو دەنگۆی هەڵوەشانەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم بڵاو بووەتەوە.
پارتی پشکی یەکێتیی لە پلە و پۆستەکاندا کەمکردووەتەوە و سیستەمی 57 بە 43 لە وەزارەتی پێشمەرگەدا جێبەجێ دەکات. ئەمەش یەکێتی نیگەران کردووە و لە سەر ئەم پرسە بەرپرسانی یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە لە گەڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کۆبوونەتەوە و بڕیار دراوە ئەگەر پارتی لە سەر بڕیارەکەی سوور بێت، یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکشێتەوە و یەکەم هەنگاوی دوو ئیدارەیی بە فەرمی دەست پێدەکاتەوە و هێزەکانی یەکێتی دەکەونە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەی زۆنی سەوز.
لێرەدا دوو بابەتی گرنگ هەیە. یەکەم ئەوەی کە ئەمریکا لە ڕاستییەکانی کوردستان و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی تێنەگەیشتووە و لەوە بێ ئاگایە کە ئەم دوو حیزبە بە هیچ شێوازێک ناگەنە ڕێکەوتن و ململانێ و شەڕ و ئاژاوەکانیان بەردەوام دەبێت.
دووەم ئەوەی کە هێزی پێشمەرگە قەد نابێتە هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی. ئەم هێزە نەک تەنیا حیزبییە بەڵکوو بووەتە هێزێکی دابەشکراو بە سەر کەس و لایەنەکانی ناو حیزبەکاندا.
ئەمەیە حاڵی ئەو هەرێمەی کە بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکرا ڕووگە و ئاواتی کوردانی وڵاتانی دیکەیە. ئەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتییەوە دەبینێت تەنیا ئاواتی ڕووخانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەبێت.