وەزارەتی پێشمەرگە دەکوڵێت

لە چوارچێوەی دابەشکاری نوێی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە وەزارەتی پێشمەرگە و بڵاوکردنەوەی خشتەی پلە و پۆستەکان بە پێی سیستەمی لە سەدا 57 بەرامبەر بە 43، ژمارەیەک ئەفسەری پارتی لە شوێنی ئەفسەرانی یەکێتی لە چەندین بەشی وەزارەت دانراون و بەو هۆیەوە ئیش و کارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تووشی کێشە و گرفت بووەتەوە.

لە ئێستادا هەر سێ بەشی ئیفاد، تۆمارەکان و پرۆژەکان دوو بەرپرسیان هەیە و بەرپرسەکانی پێشوو کە یەکێتی بوون ئامادە نین دەستبەرداری پۆستەکانیان بن. سێ ئەفسەری یەکێتی بە پلەی عەقید بەرپرسی ئەو سێ بەشە بوون و لە ئێستادا فەرمان بۆ سێ ئەفسەری پارتی بە هەمان پلە بۆ بەرپرسی ئەو بەشانە دەرکراوە و بەو هۆیەشەوە کارەکانی بەشەکان بە تەواوی ڕاگیراون.

لە لایەکی دیکەوە وەک ناڕەزایەتییەک دژی بڕیارەکانی تیمی پارتی، ستافی ئەفسەر و فەرمانبەرانی یەکێتی لە بەڕێوەبەرایەتی مووچەی وەزارەت کارەکانیان هەڵپەساردووە و کارکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕاگیراوە.