وتەبێژەکەی مەسرور بارزانی ناڕاستەوخۆ چی بە بافڵ تاڵەبانی دەڵێت؟

لە وەڵامی سەرۆکی بزوتنەوەی بابلیۆنی مەسیحیدا، وتەبێژی حکومەتە خۆڕاگرەکەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە نەک تەنیا خۆت، بەڵکوو دۆستان و هاوشێوەکانیشت لە عێراقدا بێزراون و کەس بڕوای بەوان نییە.

لە کاتێکدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە کەسێکی نزیک و دۆستی رەیان کلدانی سەرۆکی بزوتنەوەی بابلیۆن دەناسرێت، پێشەوا هەورامانی یان باشتر بڵێین سەعید سەحافەکەی هەرێمی کوردستان وەڵامی داوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە تۆ و هاوشێوە و دۆستانت کەسانێکی بێزراون لە عێراقدا و ئەوانەی باوەڕیان بە ماف و یەکسانی و ئازادی گەلان هەبێت، گوێ بە قسەکانی تۆ و هاوشێوەکانت نادەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بافڵ تاڵەبانی لە زۆربەی سەردانەکانیدا بۆ بەغدا رەیان کلدانیی بینیوە و بەردەوام لە پەیوەندیدان و ئەم هەڵوێستەی سەعید سەحاف هەورامانیش پەیوەندی بە کورسی کۆتاکانەوە هەیە کە زیاترین کێشەی لە نێوان یەکێتی و پارتی لە دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا درووست کردووە.

ئەوەی وتەبێژی حکومەتە خۆڕاگرەکە باسی کردووە پەیوەندی بە لێدوانەکانی کلدانییەوە لە سەر ماف و شایستە داراییەکانی کوردستانەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە هەوڵەکانی بافڵ تاڵەبانییەوە هەیە کە لە ڕێگەی کلدانییەوە کورسی مەسیحییەکان وەک مافێک بۆ سلێمانی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دەگەڕێنێتەوە.