وا نابێت جەنابی سەرۆک، ڕاستییەکان بڵێ

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە و ئەگەری هەڵوەشانەوەی ئەم وەزارەتە و تەنانەت تاوتوێکردنی ئەگەری کشانەوەی یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە بووەتە بابەتی گرنگی میدیایی لە هەرێمی کوردستان.

بەم دۆخە شڵەژاوەی ناو وەزارەتی پێشمەرگە و تێکچوونی هاوسەنگی لە دابەشکاری پلە و پۆستەکاندا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ژنڕاڵێکی ئەمریکیی ڕاگەیاندووە هەوڵەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی یەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازی لەم وەزارەتە بەردەوامە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لە گەڵ ژنڕاڵ مەک فارلن فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا هیچ ئاماژەیەکی بەو هەموو کێشە و ململانێ و یەکتر لەناوبردنەی پارتی و یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە نەدا و دیسانەوە هەمان بەڵێنی جارانی بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە دووپات کردەوە.

ئایا ژنڕاڵە ئەمریکییەکە هێندە گەمژەیە کە بەم دۆخە شپرزەی ناو وەزارەتی پێشمەرگە نەزانێت، یان کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر هێندە بێ ئاگایە لەو دۆخەی وەزارەتی پێشمەرگە کە پێش کۆبوونەوەکە بۆ ژنڕاڵە باڵاکەی خۆیانی باس نەکردبێت، یان سەرۆکی هەرێم دەیەوێت کێشە و قەیرانەکان بشارێتەوە؟

ئەمریکاش بەو ڕاستییە گەیشتووە کە هێزی پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی، نەک ئێستا بەڵکوو دە ساڵی دیکەش یەک ناگرن و تەنانەت لێکترازانی نوێش ڕوو دەدات، وەک چۆن ئاماژەکانی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە لە ڕۆژانی ڕابردوو دەرکەوتووە.

ئەمە وا دەکات ئەمریکا و هاوپەیمانان هاوکارییەکانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، بە تایبەت 22 ملیار دینارە مانگانەکە ببڕن و حکومەتی هەرێم یان باشتر بڵێین پارتی و یەکێتیش بەرەو قەیرانێکی نوێی دارایی لە ناو هێزە چەکدارەکان هەنگاو دەنێن.