هەڵبژاردنەکانی کوردستان و سەردانەکەی ئەم دواییەی پلاسخارت بۆ تاران

دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی بێزار کردووە، دوو ساڵە پارتی و یەکێتی لە سەر ئەم دۆسیەیە ناکۆکن یان یاری بە عەقڵی خەڵکەوە دەکەن، لە بنەڕەتیشدا بە هۆی ترسی دابەزینی دەنگەکانیانەوە ئەم دوو حیزبە مەیلیان بە لای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا نییە و بە هۆی فشارەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە باسی ئەو پرۆسەیە دەکەن.

بەم بارودۆخەشەوە تا جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق سەردانی ئێرانی نەکرد، نەتوانرا ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت، کە واتە لە تارانەوە بڕیار لە سەر دیاریکردنی ئەو وادەیە درا.

بۆ جاری سێهەمە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی کوردستان دیاری دەکات، سەرەتا بڕیار بوو کە یەکی تشرینی یەکەمی 2022 هەڵبژاردن بکرێت بەڵام بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەو وادەیە بۆ 18 ی تشرینی دووەمی 2023 دواخرا، بەوەش هەڵبژاردن نەکرا و لە ئاکامدا بە فشاری وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕەزامەندی ئێران 25 ی شوبات ی 2024 وەک وادەی نوێی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی کوردستان دیاریکرا.

دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنەکان بۆ جاری سێهەم عەیبەیەکی گەورەی حکومڕانی کوردستانە، لە پاش 32 ساڵ لەم حکومڕانییە و فەشەلی لە بوارە جیاجیاکاندا، ڕوون بووەتەوە کە ئازادی، دیمۆکراسی و دامەزراوەکانی حکومڕانی لە چ دۆخێکی خەراپدایە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە بەردەوام درووشمی ئازادی و دیمۆکراسییان بە خەڵک فرۆشتووەتەوە.

پارتی و یەکێتی لە دابەزینی ڕێژەی دەنگەکانیان زۆر دەترسن، ئەگەر لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات بتوانن ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بە تایبەت دەنگە ناڕازییەکان بهێننە سەر سندۆقەکانی دەنگدان، بە دڵنیاییەوە کە پێگەی پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردنەکاندا پاشەکشە دەکات.

ئەگەر ئەم هەڵبژاردنانە ساختەکاری کەمی تێدا بێت و ببێتە ڕەنگدانەوەی ویست و خواستی خەڵکی کوردستان بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حکومڕانی هەرێم، ئەنجامەکەی بۆ دەسەڵاتداران دەبێتە ڕۆژێکی تاریک و بۆ خەڵکی کوردستانیش دەبێتە ئاهەنگ گێڕان.