هەڵبژاردنەکانیش لە دەسەڵاتی هەرێم دێتە دەرەوە

هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دۆخی سیاسی گەیاندووەتە بنبەست و لایەنەکان بە تایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیوەندییەکانیان لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە، تا ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار مەرسومی سەرۆکایەتیی بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیە دەرکردووە کەچی شتیک بە ناوی هەڵبژاردن نەبینراوە.

جارێک پارتی هەڵبژاردنەکان ڕەتدەکاتەوە و جارێکی دیکە یەکێتی، ناکۆکییەکان ئەوەندە زۆرن کە بە ئەمریکا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق چارەسەر نەکراوە. لە ئێستادا پارتی کورسی کۆتاکانی کردووەتە بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش سوورە لە سەر هەڵوێستەکەی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.
ئەگەر بە ڕێکەوتنی سیاسی، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە دوا نەخرێت، ئەگەری وەها لە ئارادایە کە دۆسیەکە لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەربهێندرێت و دادگای فیدراڵی عێراق بڕیار لە سەر چارەنووسی بدات و ئەوەش لە ڕووی یاساییەوە شکاندنی شکۆی هەرێمی کوردستانە.
مەترسییەکە هەر ئەمە نییە. بەردەوامیدان بە کابینەی ماوەبەسەرچووی مەسرور بارزانی کە هیچ شەرعییەتێکی یاسایی و جەماوەریی نییە، دەبێتە هۆی ئەو ئەگەرەش کە ڕەنگە دادگای فیدراڵی بڕیارێک لە دژی هەرێمی کوردستان دەربکات و وەک پارێزگایەکی عێراق مامەڵە لە گەڵ پارێزگاکانی هەرێم بکات.
بە هەر شێوەیەک بێت، هەڵبژاردنەکان هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی نوێی لاوازبوون کە ڕەنگە لە دوای ڕیفراندۆم شتی وەها ڕووی نەدابێت.