هەڤاڵ ئەبوبەکر: کاتی ئەوەیە یەکێتی و پارتی کۆتایی بە هاوسەرگیری نێوانیان بهێنن

دەقی پەیامەکەی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی: بەهەموو تێبینییەکانەوە، لەم سەردەمی قەیرانی دیموکراسییەدا، لە دۆخێکدا کە جیهان لە جەنگێکی جیهانیی ڕانەگەیەندراودایە، ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا گوزەردەکات و لە هەژان و ژانێکی قوڵ و نوێدایە؛ هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.

 

 

دەخوازم ئەم هەڵبژاردنە هەرێمی کوردستان؛ لە قۆناغی دەسەڵاتدارێتییەوە بباتە قۆناغی دەوڵەتداریی، حیزبسەنتەری بۆ هاووڵاتیسەنتەریی بگۆڕێت، جوگرافیای سیاسیی هەرێم لەگەڵ هێزی پێشمەرگەو ئابوریی و دارایی و دادوەریی و وزەو ئەمنییەت و مەعلومات و دبلۆماسییەت و پەیوەندییەکان و گواستنەوەو پەیوەندیکردن و هەموو لەتەکانی تر، یەکبخاتەوە.

بۆجارێک دەوڵەتداریی ڕاستەقینەو ڕەوا؛ لەسەر بنەمای حوکمڕانیی بەهێزو ئۆپۆزسیۆنی بەهێز؛ دروستبکرێت.

دوو هێزی دەسەڵاتداریی سێ دەیەو نیوی پێشو، دوو ڕکابەری سەرسەختی شەست ساڵی پێشوو، کە لە شەڕی یەکترکوشتن هەتا براکوژیی و شەڕی ناوخۆو هێنانی وڵاتان و پەنجا بە پەنجاو شکاندنی ئێسک و پەنجەو دەسەڵاتی ناوچەیی ڕەهاو زۆرینەو کەمینەو کەمینەو زۆرینەو یەکبوونی ڕوکەشانەو بانگەشەو هاوپەیمانێتیی و کوتلەی پەرلەمانیی و حکومەتی هاوبەش و سێ ئیدارەیی و دوو ئیدارەیی و یەکئیدارەیی و دوو دەسەڵاتییان؛ تاقیکردەوەو ئەزمون پێمان دەڵێت: لە هەموویاندا ئەگەر خۆشیان یەکبوبن خەڵک و خاک و نیشتمان و هەموو ئەوانەی سەرەوەیان بە لەتی هێشتۆتەوە، شکستخواردووبوون.

کاتی ئەوەیە ئیتر ئەم دوو هێزە کۆتایی بە هاوسەرگیریی کاسۆلیکیی نێوانیان بهێنن، وەک لەیبەرو کۆنزەرڤاتیڤەکانی بەریتانیا، یان دیموکراتیی و کۆمارییەکانی ئەمریکا بکەن، وەک ئەوەی ڕەوانشاد دوای هەڵبژاردنەکانی یەکەم ئەنجومەنی نوێنەرانی کوردستانی دوای ڕاپەڕین لە ١٩٩٢دا وتی: یەکێکیان لە حکومەت بن و ئەوی تریان لە ئۆپۆزسیۆن، ئەوکات نەیان کرد.

ئێستا سەلما کاتییەتی، بڕیاری بوێرانە ئەوە نییە چۆن ڕێکدەکەون و چۆن پۆستەکان دابەش دەکەن، بەڵکو ئەوەیە جەوهەری دیموکراسیی و حوکمی ڕەواو تیوارو دادگەرو خزمەتگوزارو سەرتاسەری لەسەر بنەمای یاساسەروەریی و هاووڵاتیی سەنتەریی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانە؛ بپارێزن، ئەزمونی کوردستان بەرەو ئەزمونی دەوڵەتداریی بەرن، نەک دەسەڵاتی قوڵ و حوکمڕانیی سێبەرو خۆسەپێنیی کەسیی و ناوچەگەرێتیی ناوچەگەرا.