هەڤاڵ ئەبوبەکر: هەرێمی کوردستان بە یەکجاری دەکەوێت

پارێزگاری سلێمانی لە کاردانەوەی بەرامبەر بە کوژانەوەی سەرتاسەری کارەبا لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پەیامەکەی وا دەستپێکردووە: بۆ ئەوانەی تەڕاییەک لە بەرپرسیاریەتی و دڵۆپێک لە خەمی گشتی و تروسکاییەک لە ئومێد و پووشێک لە چارەسەر، لە ویژدان و باوەڕ و گوفتار و کرداریاندا ماوە.

لەو پەیامەدا هاتووە: ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات و بەرپرسیاریەتییەکان ئاوابن و هەرێمی کوردستان لە گەڵ خۆی، لە گەڵ بەغدا، لە گەڵ دۆخی هەرێمایەتی و لە گەڵ دونیای دەرەوە، وەک ئێستا بەڕێوە ببرێت، دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان لە حکومەت و خزمەت و ژیان و بژێوی و ژینگەی گشتی، بە دوور بگرن و خۆشیان بە خاوەنی زەوی و دەسکەوت و داهات و هێز و وزە و کانزا و بازاڕ بزانن، ئیتر وەک پێشتر هەموو لایەکمان ئاگادار کردەوە و کەس بە بای خەیاڵیشیدا نەهات.

ڕاشیگەیاندووە کە بەرەو کوژانەوەی سەرتاسەری سیستەمی گشتی و وێرانکردنی کەرتی گشتی و تایبەت و بەتاڵانبردنی ژێرخانی وڵات و خاپوورکردنی سەرخانی وڵات و شکاندنی ئێسکە پەیکەری دامودەزگاکان و هاووڵاتیان دەچین، بێئاگایانە بەرنامەی دژەکان جێبەجێ دەکەین و دارەکەی ژێر پێی خۆمان بە دەستی خۆمان دەبڕینەوە.

پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاندووە کە هەموو جوڵەیەکی ژیان و بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییەکان بە هۆی نەبوونی بەرنامە و پلان و مووچە و بودجە و نرخی دراو و نەختێنە و کوژانەوەی سەرتاسەری کارەبا، لە هەموو کەرتە گشتی و تایبەتەکان وەستاون.

هەڤاڵ ئەبوبەکر لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ئەمڕۆ ڕادەی کەمی ئەم هەڕەشە و کێشە و قەیران و کارەساتانە چارەسەر نەکرێن، نە هەژموونی دەسەڵاتدارێتی، نە فرە حیزبی، نە ئەم هەموو مەکینە و کۆمپانیا میدیاییانەی لە داهاتی گشتی داتانناون، سوودێکی بۆ خزمەتی گشتی نابێت و هەرێم دەکەوێت، کەوتنێک کە بۆ دەیان ساڵی ئایندە، هەستانەوە بە دوای خۆیدا ناهێنێت.