هەڕەشەکانی ئێران مەسرور بارزانیی گەیاندە بەغدا

بە پێی ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی نێوان تاران و بەغدا، حکومەتی عێراق بەڵێنی ئەوەیداوە کە تا کۆتایی ڕۆژی 19 ی ئەیلولی 2023 گرووپە تیرۆریستییەکانی دژبەری ئێران چەک بکات و ئەوان لە ناوچەکانی نزیک لە سنورەکانی ئەم وڵاتە بباتە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنج شەممە بە یاوەری شاندێکی باڵا و بە بەشداری قوباد تاڵەبانی وەک نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان گەیشتە بەغدا.

ئەم سەردانە و کۆبوونەوەکانی بە نزیکبوونەوە لە وادەی دیاریکراوی ئێران بۆ چەککردن و دەرکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستان بە گرنگ دادەنرێت.

مەسرور بارزانی ئامانجی سەردانەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بە گشتی دابینکردنی شایستە داراییەکان ناو بردووە بەڵام لە ڕاستیدا بابەتەکە وەها نییە.

بافڵ تاڵەبانی سەردانی تارانی کرد و لە گەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی و ئەمنیی ئێران کۆبووە. باڵیۆزی ئێران سەردانی هەولێری کرد و لە گەڵ بارزانییەکان و لە سلێمانیش لە گەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبووە. فۆئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراقیش گەیشتە تاران و پرسی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی ئێران و عێراقی تاوتوێ کرد.

بەرپرسانی ئێرانی لە کۆی گشتی ئەم چاوپێکەوتن و کۆبوونەوانەدا جەختیان لە سەر جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە و چەککردنی گرووپە تیرۆریستییەکان و دەرکردنیان لە خاکی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.

ئێران بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەو ڕێکەوتنە، ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سنورەکانی دەگرێتەبەر.

سەرکردەی گرووپە تیرۆریستییەکان ئەگەرچی لە میدیاکانەوە باس لە بەرگری و ڕێگری لە چەککردنی خۆیان دەکەن بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن زۆربەی بنکە و بارەگا سەربازییەکانیان لە ناوچە سنورییەکاندا نەماوە و لە هەندێک شوێنیش چەکەکانیان لێ وەرگیراوە.

ئێران سوورە لە سەر جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنە و کۆتایی هێنان بە هەڕەشەی گرووپە تیرۆریستییەکان. مەسرور بارزانیش دەزانێت جێبەجێنەکردنی ڕێکەوتنەکە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە کاردانەوەی توندی ئێرانی بە دواوە دەبێت، هەر بۆیە سەردانی بەغدای کردووە. هەندێکیش وا دەڵێن کە کێشەی بودجەی هەرێم پەیوەندیی بە جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی لە چوارچێوەی ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی تاران و بەغداوە هەیە.