هەولێر پەناگەی ئارامی بەعسییەکان

پێشتر کاکەمین نەجاڕ کەسایەتی و بەرپرسی باڵای پارتی دیمۆکراتی کوردستان ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە بەعسییەکان و ئەوانەی خوشک و دایک و کەسوکاری ئێمەیان ئەنفال کردووە، ئێستا بە ئاسوودەیی و ئازادانە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستاندا دەسوڕێنەوە.

پارتییەکان لەو کاتەدا قسەکانی کاکەمین نەجاڕیان ڕەتکردەوە بەڵام ئەو قسانە دواجار بە ڕاست دەرچوون. لە پاش ڕووداوەکانی 31 ی ئاب و بە دیاریکراوی لە پاش پرۆسەی ئازادی عێراق، بەردەوام پارتی هەولێری کردووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ بەعسییەکان و هەولێر کۆتا مەنزڵی بەشێک لە بەعسییە هەڵاتووەکانیش بووە.

کاکەمین نەجاڕ لەو کاتەدا وتی کە هەولێر بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ بەعسییەکان و کەسوکاریان و تا ئێستاش ئەوانەی کە دایک و خوشک و کەسوکاری ئێمەیان ئەنفال کرد لە هەولێرن.

قسەکانی ناوبراو کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا و هەمووان پرسیاری ئەوەیان کرد کە چۆن شتی وا دەبێت و هەولێری پایتەخت دەبێتە شوێنی حەوانەوە و مانەوەی بەعسی و ئەنفالچییەکان؟

ئێستا بۆ خەڵک ڕوون بووەتەوە کە قسەکانی کاکەمین نەجاڕ ڕاستە و مێردی خوشکی سەدام و مامی عەبد حەمود لە هەولێر کۆچی دوایی کردووە، کوڕەکانی سوڵتان هاشم و کەسوکار و خوشک و خزمی بەعسییەکان بە ئازادی لە هەولێر دەسوڕێنەوە و سەرقاڵی کاروباری بازرگانین.

لە هەرێمی کوردستان پارتی ڕەخنەباران کراوە و خەڵک دەڵێن ئەوانەی کوردیان ئەنفال و کیمیایی کردووە، لە هەولێرن و لە کورد باشتر خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکرێت.

ئەمەیە حکومەتەکەی پارتی و بانگەشەی کوردستانیبوونەکەی؟