هەولێر وەردەگیرێتەوە؟

ئیدیۆمی سەرەتانی و دروشمی زاڵی ناو بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی و بەتایبەت لە بازنەی هەولێر (هەولێروەردەگرینەوە )یە.

ئەم درووشمە لای بەشێک لە هاووڵاتی و تەنانەت لایەنە سیاسییەکان، تەنها درووشمێک بوو هیچی تر، بەڵام لە یادی خیانەتی ٣١/ئاب لە هەولێر و سلێمانی و شارو و شارۆچکەکان، پەیامێکی ڕوون بوو بۆ پارتی، لای پارتی هەولێر وەردەگرینەوە، تەنها درووشم نیە، بەڵکو تێگەشتووە، وەرگرتنەوەی هەولێر پلان و بەرنامە و ستراتیژە لای یەکێتی و ئامانجی سەرەکی یەکێیتییە لەم هەڵبژاردنەدا.

چونکە بۆ یەکەمجارە یەکێتی بەو خەستییە و بەو کۆدەنگی و یەکڕیزییە دەچێتە هەڵبژاردن و جوڵە و هەنگاوەکانی یەکێتی و هەولێرییەکان بۆ پارتی شۆکهێنەرە.

هەربۆیە لە 31 ی ئابدا لە پەرچەکردارێکی لەرزۆکدا و لەبەردەم مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر خۆپیشاندانی بەکۆمەڵێک عەرەب و بەنگلادیشی و چەندکەسێکی پارتی ئەنجامدا کە ئەمەش عوزرە بەسەر قەباحەتەوە، لە ئەرزو ئاسمانی هەولێر مانۆڕی سەربازی بە کەرەستەی حکومەت ئەنجامدا. پیلانێکی ترسانک دانرابوو، یەکێتی ژیرانە پیلانەکەی پوچەڵکردەوە.

یەکێتی لەم ماوەیەدا لە ناو ئەو هەموو ململانێ و پیلانگێڕییە ناوخۆیی و هەرێمییەدا، توانی کەرکووک وەربگرێتەوە، ئەمەش وایکردووە پارتی ئێستا لە سترێس و شۆکدایە، ئەمەش وایکردووە، هەنگاوەکانی ئاسایی نین و یەکەم جارە پارتی باوەڕی بەوەیە لە هەولێر دژی یەکێتی خۆپیشاندان بکات. بۆیە وەرگرتنەوەی هەولێر نەک مەحاڵ نییە، بەڵکوو بژاردەیەکی کراوە و نزیکە لە ڕوودانی، ئەوەی چەندین ساڵە خەونی هەموانە بەتایبەت لایەنە سیاسییەکانی دیکەش یەکێتی خەریکە دەیکاتە دیفاکتۆ، ئەمجارە حەقە پشتیوانی یەکیتی بن.

دەلیل جەمال