هەولێری گوندی لوبنانی نەک هەولێری فەرهاد پیرباڵ!!

لە وڵاتانی جیهان چۆن ڕێز لە کەسایەتی و بلیمەتەکان دەگیرێت و لە کوردستان چی لە فەرهاد پیرباڵی فەیلەسوف و گەورە نووسەر دەکرێت کە بە قەدەر باڵای بەرپرسانی هەرێم کتێب و توێژینەوەی هەیە. ئەمەیە حکومەتە خۆڕاگرەکە؟!!

فەرهاد پیرباڵ لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت من کتێبم خۆش دەوێت نەک قومار و یانە شەوانەکان، بۆیە کەس منی ناوێت!!

ئەو دەڵێت ڕاستییەکەم بۆ دەرکەوتووە کە کتێب لە کوردستان سوودی نەماوە. کتێبخانەکەی فەرهاد پیرباڵ کە بۆ ڕێکخستنەوەی کات و پارەی زۆری دەوێت، هێندە بێناز بووە کە دەبێت بۆ حکومەتێک وا لە کەسایەتی و نووسەران و سامانی مرۆیی خۆی دەکات، بگریت.

فەرهاد پیرباڵ شوێنی کتێبخانەکەی بە پارەی خۆی کڕیوە بەڵام پارتی و دەسەڵاتی بارزانییەکان لە هەولێر ڕێگە نادەن بیکاتەوە و وەک نووسەرێکی ئاسایی ژیان بکات و هەڕەشەی کوشتنی لێدەکەن. ئەو داوایکردووە کە نێچیرڤان بارزانی بیکوژێت.

دونیای هەولێر بۆ فەرهاد پیرباڵ و هاوشێوەکانی کە تەنیا باس لە ئازادی خۆیان دەکەن، داخراوە بەڵام ئەو دونیایەی لە گوندی لوبنانی و گوندەکانی دیکەی هەولێر بە تەواوی کراوەیە. لە گوندی لوبنانی کە بووەتە ڕەمزی کاولی و سەما و شەوی سور و قوماری بەرپرسان و بازرگانان، هەموو شتێک ئاساییە.

بەرپرسان کە خۆیان شەوان سەردانی ماڵەکانی ئەم گوندە دەکەن، پارە لێی هەڵڕژاوە و کاولی و قومار ڕێگەپێدراوە. لە گوندی لوبنانی و گوندەکانی دیکەی هەولێر هەرچیت بوێت دەست دەکەوێت.

بۆ خەڵکانی ڕەسەن و خاوەن پێگەی هەولێر کە خۆی لە فەرهاد پیرباڵ و سەدان هەزار هاووڵاتیدا دەبینێتەوە، لە هەولێر نیگەران دەکرێن، بۆچی یان شاربەدەر دەکرێن یا زیندانی دەکرێن یان دەبێت وەکوو کۆتری پەڕوباڵکراو لە ژێر سایەی دەسەڵاتداراندا بن؟

فەرهاد پیرباڵ نموونەی زیندووی خەڵکی ڕەسەنی هەولێرە کە بە ڕۆژی ڕووناک تەنگی پێهەڵدەچنرێت و تەنیا ماوە ڕوبەڕوی مردن بکرێتەوە کە هەڕەشەی ئەوەشی لێکراوە و بە ڕوونی پێیان وتووە دەتکوژین.

بەڵام لە مێژووی هەولێر یەک کاولی گوندی لوبنانی و یەک کۆنە بەعسی و یەک بازرگان نەک هەڕەشەی لێنەکراوە، بەڵکوو هەولێریان لە بەردەم ئەواندا ڕاخستووە و بە ئارەزووی خۆیان تەراتێن دەکەن.