هەولێریش بە دەردی کەرکوک دەبرێت

سەركردایەتی یەكیتی وپارتی بەداخەوە دوای سەد ساڵ کەرکوکیشیان لە دەستدا.. ململانێی نا شەریفانەی نێوان سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی و لەدەستدان هەموو هەلەكان، کەرکوکیان گەیاندە ئەو خاڵەی کە دەنگی تورکمان و عارەب ئەمرۆ دوای ١٠٠ سەد ساڵ لە کەرکوک لە کورد زیاتر بێت؟

پێش هەڵبژاردن دەرگا نەما لێی نەدەین بۆ ئەوەی لایەنی کەم لە شوێنە بە زۆر دابڕێنراوەکان کورد بۆ هەڵبژاردن بە یەک لیست دابەزێت . جارێکیان بەیاوەری سەرۆک کۆماری عیراق سەردانی سەرۆکی هەرێم نێچیروان بارزانیمان کردو لەوێ بەندە زۆر بە ڕاشکاوی پێشنیاری یەک لیستی یەکگرتوی کوردیم لێکردن، لای کەم بۆ شوێنە بەزۆر دابڕێنراوەکان….کەچی سەرکردایەتی کورد بایەخیان بەم بابەتە گرنگە نەداو لە مە غروری ولە ئەنجامی هەڵسوکەوتی هەندێ لێپرسراوی بێ ئەزمونی دڵپڕلە کین بەرانبەر یەکتری ،وایان کرد کە کورد بە چەندین لیست بۆ هەڵبژاردن لە کەرکوک دابەزن .ئەمەش وەک ڕۆژی ڕوناک دیاربو کە کورد دەنگی زۆرینە ناهێنی، یەکەم، لە بەر ئەوەی کە بەیەک لیست دانەبەزین و دەنگەکانمان بە فیڕۆ ڕۆیشت و پەرتوبڵاو بو… دوەم، لەبەرئەوەی نەیانتوانی خەڵكی ئەو شارە ئاشتبكەنەوە و قەرەبووی ئەوەبكەنەوە ئەو ماوەی یەکێتی و پارتی لە کەرکوک حوکمرانیمان کرد وێنەیەکی جوانی پێکەوەژیانی برایانە و تەبایمان پیشان نەدا لە نێوان پێکهاتەکان. سێیەم، ئێمەی کورد نەمانتوانی ئەوماوەیەی کە حوکمڕانی کەرکوکمان بەدەستبو کەرکوک لە تەعریبکردن بپارێزین. تەنانەت ئەوماوەیە شیعەکان توانییان ژمارەیەکی زۆر شیعە بێننە کەرکوک و بە بەرنامە کەرکوک شیعاوی بکەن..ئەوەندەی من بزانم جارێکی تر ئاسان نییە کورد لە کەرکوک بتوانێ پارێزگارێکی کورد دابنێتەوە.

ئەوەی لێرەدا جێگای مە ترسیە ؟ڕووی قسەکانم بە ڕاشکاوی لە یەکێتی و پارتی دەکەم و دەڵێم، ئەی پارتی تۆ ئاگات لە خۆیە ؟عەرەب خەریکی ئەوەن هەولێریش پاش چەندساڵێکی تر بە دەردی کەرکوک ببەن… ئەی پارتی ، ئەی یەکێتی ؟ ئاگادارن سیاسەتی ئیستیسماری فاشیلتان !چەند زەرەری لە نە تەوەی کورد داوە ؟ زەوی بە ناوی ئیستیسمار دەدەنە بەرپرس و منداڵەكانیان و ئەوانیش بە ملیۆنان دۆلار دەیدەنەوە بە ڵێندەرەکان و دێن دەیان هەزار شوقەو خانوی لەسەر دروست دەکەن، بڕی تێچوی شوقەکانیان لە دوو دەفتەر دۆلار تێپەڕ ناکات کە چی بە ١٠ دە دەفتەرو ١٢ دوانزە دەفتەر دەیانفرۆشنەوە؟ لە کاتێکدا فەرمانبەرێک لە کوردستان ٣٠ سی ساڵ کار بکات بە موچەکەی ناتوانێ شوقەیەک بکڕێ … ئەرێ سەرکردەکانی ئێستای کورد ؟ کەرکوک وا تەعریب کرا ئیستا فریای هەولێر بکەون بزانن ئەو سەدان و هەزاران هەزار شوقەیەی کە لە هەولێر دروستدەکرێ، کام نەتەوە دەیان کڕن؟ توخوا لە موستەشارەکانی خۆتان پرسیوە؟ کێ دەیان کڕی؟ من پێتان دەڵێم ، بەڵێ فەقیرو هەژاری کورد ناتوانی بیانکڕێ بەڵکو ئەوانەی کڕیارن زۆربەی زۆریان عەرەبن و ئەوانیش پاش ١٠ دە ساڵی تر پشكیان دەوێت و لە پەڕلەمانی کوردستان نوێنەریان دەوێت.

کێشەی کورد لە گەڵ بە غداد تاکو ئێستا تەواو نەبوەو کێشەی نەتەوەیی و خاك هێشتا ماوە، کێشەی هاوڵاتی پلەدووی باقییە، کاتی خۆی ئیسرائیلیەکان هاتن لە فەلەستین خاکی فەلەستینیەکانیان بە پارەیەکی زۆر کڕی و عەرەبی نەفامیش موڵکەکانی خۆیان بە جولەکە دەفرۆشت و ئێستا بۆتە کێشە بۆیان ؟

ئایا دەزانن لە هەولیر ژمارەی عەرەب گەیشتۆتە چەند ؟… لە ناو بازاری هەولێر دەسوڕێیتەوە لە ناو دوکاندارەکان وادەزانی لە شەقامی موتەنەبی لە بەغدا دەسوڕێیتەوە.

یەکێتی تۆ ئاگاداری پیرە هەولێرەکەتی ؟ داواکارم ئەو سیاسەتە فاشیلەی ئیستیسمار ڕابگرن كە بە هەزاران دۆنم زەوی لە سەر مەسول و کوڕەمەسول و خزمی مە سولان تاپۆ کراوە بە پارەکی زۆر کەم تائاستی پارەی رەمزی، کەچی بەپارەی مۆڵ دەیفرۆشنەوە، من نازانم ئەمە پارە سپیكردنەوەیە، داگیركارییە، یان گەندەڵییەکی ڕێکخراو، بەڵام دەزانم گەر ئاوا بڕوات چەند ساڵێکی تر لە ناحیەی قوشتەپەو دەوروبەری هەولێریش مە ترێ زەوی نامینێ تا پرۆژەیەكی نیشتمانی لەسەر بینا بكرێت …

پێتان دەڵێم، کورد تارادەیەكی زۆر کەرکوکی لە دەستداو ڕۆیشت، تکایە ئیستا فریایی هەولێر بكەون و لەتەعریب ڕزگار بکەن با ئەویش بەدەردی كەركوك نەچێت …

لە نووسینی بەهرۆز گەڵاڵی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.