هەولێر، پایتەختە خنکێندراوەکەی هەرێمی کوردستان

هەولێرییەکان بە دەست حکومەتە خۆماڵییەکەی هەرێم و دەسەڵاتەکەی بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە قەیرانێکی گەورەدان کە چارەسەر نەکراوە، ئەویش خنکانە بە کەمئاوی لە وەرزی هاوین و لافاوی زستان و بەهار، هۆکارەکەشی نەبوونی تۆڕی ئاوەڕۆیە بۆ لافاوی زستان، لە هاوینیشدا نەبوونی ئاوی خواردنەوە و نایەکسانی لە دابەشکردنیدا، وایکردووە هەولێر بە پایتەختە کەمئاوەکە ناوبانگ دەربکات.

یەک لە سەر سێی دانیشتووانی هەولێر لە هاویندا کێشەی کەمئاوییان هەیە و نزیکەی 200 هەزار کەس لە هەولێر لە گەڕەکە هەژارنشینەکانن و وەرزی هاوین لە بێئاویدان. لە هەولێر بە هۆی سیتی و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونەوە گەڕەکە هەژارنشینەکان لە خزمەتگوزاری ئاوی خواردنەوە پشتگوێ خراون.

دۆخی هەولێر و شکست و لاوازییەکەی پارتی لە بەڕێوەبەردنی شاردا وایکردووە کە خەڵکی هەولێر بڵێن ئەم شارە بە سەر دوو زۆندا دابەش بووە، زۆنی خواپێداوەکان و زۆنی هەژارنشینە خنکاوەکان. هەرچی سیتی و پرۆژەکانی نیشتەجێبوون هەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا تەواوبوون، لە سەر حسێبی گەڕەکە هەژارنشینەکان خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە و ئەوان کێشەی کەمئاوییان نییە.

هەولێر، ئەو پایتەختەی هەرێمی کوردستان کە بڕیار بوو لە لایەن پارتی و بارزانییەکانەوە ببێتە نموونەی دۆبەی لە ناوچەکە، لە هاویان و زستاندا خنکاوە، لە زستان و بەهاردا بە هۆی دروستبوونی لافاو و لە هاوینیشدا بە هۆی کەمئاوییەوە خنکاوە. لە هەندێک گەڕەکەی شاری هەولێر هەندێک کات 10 ڕۆژ ئاو دابەش ناکرێت و زۆر بە ئاسانی هەست بەو جیاوازییەی نێوان هەولێری نوێ و هەولێری کۆنی لەبیرکراو دەکرێت.

هەولێر هێندە بێئاوە کە دانیشتووانی هەندێک گەڕەکی هەژانشین بە ناچار پارەی کڕینی پێداویستییە سەرەکییەکانیان دەدەنە کڕینی ئاو و ئەمەش شەرمە بۆ حکومەتەکەی پارتی و مەسرور بارزانی کە شانازی بە ئاوەدانی ناو هەولێر دەکات و ئەوەش دۆخی ڕاستەقینەیە کە هیچ لە شوێنێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو ناچێت.

کێشەکەی پارتی و مەسرور بارزانی لەوەدایە کە بە درووستکردنی چەند شەقامێک دەیەوێت وا نیشان بدات ئەوە ئەوانن هەولێریان ئاوەدان کردووەتەوە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی وا نییە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە پێی پێوەرە جیهانییەکان، ئاوی خواردنەوە و دابینکردن و دابەشکردنی، یەکێک لە هێما سەرەکییەکانی پێشکەوتنی هەر شار و ناوچەیەکە کە لە ئێستادا ئەوە لە هەولێر نابینرێت.

هەولێری ژێر دەسەڵاتی پارتی لە 170 گەڕەک و سیتی پێکهاتووە کە 90 شوێنی نیشتەجێبوونیان سیتییەکانن و 80 شوێنیش گەڕەکی نیشتەجێبوونن، لەو ژمارەیە زیاتر لە 30 گەڕەکیان بێئاون. کەمئاوییەکەش تەنیا گەڕەکە هەژارنشینەکانی گرتووەتەوە و سیتی و باڵەخانەکان ئەو کێشەیان نییە.