هەشت مارەکەی مەسرور بارزانی

پرۆژەی هەژماری من کە بە مەبەستی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی کوردستان لە لایەن حکومەتەکەی مەسرور بارزانییەوە خراوەتە ڕوو، بە هۆی بەرژەوەندییە تایبەتەکانەوە لە لایەن مووچەخۆران بە تایبەت مامۆستایانەوە ڕەتکراوەوە.

پرۆژەکەی مەسرور بارزانی کە لە پلەی یەکەمدا بۆ بەرژەوەندییە داراییەکانی خۆیە، لە لایەن فەرمانبەران و خەڵک بە گشتی بە هەشت مارەکە ناسراوە.

پرۆژەکەی مەسرور بارزانی بووەتە کێشەیەکی گەورە لە نێوان هەولێر و بەغدا. دادگای فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاندووە کە پرۆژەی بەبانکیکردنی مووچە دەبێت لە ڕێگەی بانکە عێراقییەکانەوە بێت و مەسرور بارزانیش ئەمە بە شکستێکی گەورەی خۆی و کابینەکەی دەزانێت و پێداگری لە سەر جێبەجێکردنی لە ڕێگەی بانکەکانی تایبەت بە خۆیەوە دەکات.

لە نوێترین هەڵوێستدا ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاندووە کە پرۆژەی هەژماری منی مەسرور بارزانی ڕەتدەکرێتەوە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و ئەگەر ناچار بە قبووڵکردنی بکرێن خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەبەنە بەغدا.

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاندووە کە دادگای فیدراڵی حکومەتی عێراقی پابەند کردووە بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی بانکەکانی ناوەندەوە.

پرۆژەکەی مەسرور بارزانی کاردانەوەی توندی مووچەخۆران و تەنانەت خەڵکیشی بە دواوە بووە. ئەگەر سەرۆکی حکومەتی هەرێم پاشەکشە بکات یان بەغدا بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەبانکیکردنی مووچە بباتە بانکە عێراقییەکان، ئەوا لە پاش ڕیفرامدۆمەکەی مەسعود بارزانی بە گەورەترین شکست بۆ بارزانییەکان و پارتی دیمۆکراتی کوردستان دادەنرێت.

خاڵی گرنگ ئەوەیە کە مەسرور بارزانی ئەوەندە تووشی شکست بووە کە داواکارییە گەورەکەی هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئەوەی مووچە لە ڕێگەی بانکە کوردستانییەکانەوە بێت. وەک چۆن ئاماژە درا ئەمەش تەنیا بۆ دەوڵەمەندکردنی گیرفانی خۆی و بنەماڵەکەیە و هیچ گرنگییەک بە بەرژەوەندی خەڵک و مووچەخۆران نادات.