هەرێم نەوتەکەی بە قاچاخ دەفرۆشێت و داوای پارە لە بەغدا دەکات

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێم 40 ڕۆژە یەک بەرمیل نەوتی ڕادەستی سۆمۆ نەکردووە.

کاوە عەبدولقادر ڕایگەیاندووە کە ماوەی 40 ڕۆژە حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک بەرمیل نەوتی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکردووە و ئەو 85 هەزار بەرمیلەشی ڕاگرتووە کە لە ڕێگەی کۆمپانیای کارەوە دەپاڵێورا.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە تا ئێستا یەک دینار داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنورییەکان ڕادەستی بەغدا نەکراوە.

پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ ڕایگەیاندووە کە حکومەتی هەرێم بەم حاڵەوە داوای پارە لە بەغدا دەکات.

ڕاشیگەیاندووە کە پارتی و یەکێتی نەوتەکەی هەرێم بە قاچاخ دەفرۆشن و بەشێکی دەدەنە پاڵاوگەکانی خۆیان و دەڵێن دەبێت بەغدا مووچەی فەرمانبەران و بودجەش بنێرێت.