هەرێم لە چاوەڕوانی قەیرانێکی گەورەی ئابوریدا
بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە نێوان پارتی و یەکێتی، کاریگەری و ڕەنگدانەوەی بە سەر کەرتی ئابوریدا هەبووە، بە هۆی ئەو ململانێ توند و بەردەوامەی لە نێوان بارزانییەکان و تاڵەبانییەکاندا هەیە.
لە لایەکی دیکەشەوە شاسوار عەبدواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوایکردووە کە خەڵک لەم هەڵبژاردنانەدا (ئەگەر بەڕێوە بچێت) دەنگ بە پارتی و یەکێتی نەدەن و بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەسەڵات دەگرێتە دەست.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دوو بابەتی باسکردووە کە سەرگرتنی هەر یەک لەوان دەتوانێت بارودۆخی هەرێم زیاتر بەرەو ئاڵۆزی ببات. ئەگەر نەوەی نوێ ژمارەی کورسییەکانی زۆر بێت و داوای دەسەڵات بکات یەکێتی و پارتی هیچ کات بەمە ڕازی نابن و ئەمەش دۆخی هەرێمی کوردستان ئاڵۆز دەکات. ئەگەر هەڵبژاردنیش نەکرێت شاسوار عەبدواحید هەڕەشەی سکاڵای لە دادگای فیدراڵی کردووە بۆ هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێم.
هەر ئاڵۆزییەکی سیاسی یان ئەمنی لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت کاریگەری لە سەر کەرتی ئابوری، گەشتیاری و بژێوی هاووڵاتیان دابنێت.
بە هۆی ململانێی سیاسی ئێستای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پێشبینی هەلومەرجی پاش هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، قەیرانێکی گەورەی ئابوری هەرێم دەگرێتەوە و هاووڵاتیان لە ترسی ڕوودانی وەها حاڵەتێک ڕوویان هێناوەتە کڕین و کۆکردنەوەی زێڕ و دۆلار و مەترسی داڕمانی زیاتری ئابورییان لێنیشتووە.